مەسرور بارزانی: جێی سەربەرزیە ئەمڕۆ لێرە خزمەتی ژمارەیەك لە ماڵی شەهیدان دەکەین

مەسرور بارزانی 420 شوققە بەسەر کەسوکاری شەهیدان دابەشدەکات
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی دابەشکردنی 420 شوققە بەسەر کەسوکاری شەهیداندا گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، جێی سەربەرزیە ئەمڕۆ لێرە خزمەتی ژمارەیەك لە ماڵی شەهیدان دەکەین.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئەیلوول، کاتژمێر 10:00 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی رێکخراوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دھۆک چوارسەد و بیست ئەپارتمانت (شوققە) بەسەر کەسوکاری شەهیدانی کوردستان دابەشکرد.

مەسرور بارزانی سەبارەت بە هۆکاری دامەزراندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی، گوتی: جەنابی بارزانی نەمر، باوکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئێمە، هەموو ژیانی بۆ خزمەتی گەلی خۆی و ئازادی گەلان تەرخانکرد، ئێمەش وەك وەفادارییەك بۆ پاداشت و خزمەتی جەنابی ئەو و، کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی هەژار، دوای راوێژکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی دەزگاکە دامەزرێندرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ئێستا سەربەرزین کە دەبینین ئەم دەزگایە بووەتە جێگەی باوەڕی خەڵکی ئێمە، لە ناوخۆ و پارێزگاکانی عێراقی و لەسەر ئاستی نێودەوڵتی. دەزگای خێرخوازی بارزانی لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە فەرمی ناسێندراوە و، رێکخراوە بیانییەکانیش هاوکاری دەزگاکە دەکەن بۆ خزمەتکردنی ئامانجە پیرۆزەکانی".

مەسرور بارزانی هەروەها سوپاسی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، سەرمایەدار و بارزگانانی هەرێمی کوردستانی کرد، بە پشتیوانیکردنی بەردەوامیان لە دەزگاکە.

مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا باسی لەوەکرد، "جێی سەربەرزیە کە ئەمڕۆ لێرە خزمەتی ژمارەیەك لە ماڵی شەهیدان دەکەین، ئەم دەزگایە بەردەوامە لە خزمەتی ماڵی شەهید و خەڵکی هەژار، نەك تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە دەرەوەش".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە دەزگای خێرخوازی بارزانی دەزگایەکی خێرخوازییە و سیاسیی نییە، بێ ئەوەی هیچ جیاوازییەك بکات، دەستی هاوکاری بۆ کەسانی لێوقەوماو و هەژار درێژ دەکات.