حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گیان لەدەستدانی دوو ئەندامی راگەیاند

منداڵێك گوێی خۆی له‌ ترسی ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كان گرتووه‌
منداڵێك گوێی خۆی له‌ ترسی ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كان گرتووه‌

K24 - هەولێر:

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەک و درۆنی خۆتەقێن هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانمان.

لە راگەیەندراوێکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتووە، "بە ئاگاداریی بیروڕای گشتیی رادەگەیەنین کە کاتژمێر 10:30 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، حەوتی رەزبەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەک و درۆنی خۆتەقێن هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.

ئاماژە بەوەش درا، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تا ئێستا دوو کەس بە ناوەکانی میلاد پیرساحێب و هاجەر شەهید بوون و کۆمەڵێک پێشمەرگەی دیکەش بریندارن".

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوەشکرد، لە راگەیەندراوەکانی دیکەدا زانیاریی وردتر و زیاتر بڵاودەکرێتەوە.

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی 2022، ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای کۆیە کە بە "قەڵای دیموکرات" ناسراوە.