سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکات

"بۆردومانکردنی بنکەکانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن ئێرانەوە بەلاڕێدابردنی رەوتی رووداوەکانە"
باڵه‌خانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
باڵه‌خانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەزاندن و پێشێلکردنی چەندبارەی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان بە مووشەکباران، بە توندی سەرکۆنە دەکەین.

لە راگەیەندراوێكی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بۆردومانکردنی بنکەکانی ئۆپۆزسیۆن بە مووشەک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە هەر پاساوێک، هەڵوێستێکی ناڕاست و بەلاڕێدابردنی رەوتی رووداوەکانە و جێگای سەرسوڕمانە.

سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەم جۆرە هێرشانە، کە بەردەوام دەکرێنە سەر خاکمان و بەو هۆیەوە، خەڵکی سیڤیلیش دەبنە قوربانی، شەرمەزار دەکەین و پێویستە کۆتایی بەم دەستدرێژیانە بهێنرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی ئەیلوولی 2022، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی ئێران.

بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان بە هۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 25 کەسیش بریندارن.

سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی ئەمڕۆ راگەیاند و لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە، "ئۆپەراسیۆنەکان تا لەناوبردنی هەڕەشە و بارەگای گرووپە تیرۆریستییەکان و پابەندی بەرپرسانی هەرێم [هەرێمی کوردستان] بە بەرپرسیارێتیان، بەردەوام دەبن".