نوێترین ئاماری قوربانیانی کۆیە و پردێ راگەیەندرا  

دیمه‌نێكی بۆردومانه‌كه‌
دیمه‌نێكی بۆردومانه‌كه‌

K24- هەولێر

بە پێی لێدوانی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئاکامی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە میحوەری پردێ، 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 24ـی دیکەش برینداربوونە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بە ئاماری قوربانیان، رایگەیاند: پێشبینی هەبوونی شەهیدانی زیاتر دەکرێ و تیمەکانی ئەمبوڵانس ئاستەنگی زۆریان هەیە و ناهێڵن بە تەواوی بچنە شوێنی رووداو و بریندارەکان.

لەو ئامارەدا ئاماژە بە ژمارەی قوربانیانی هێرشەکەی سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی نەکراوە.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 28ـی ئەیلول) بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی ئێران.

سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی ئەمڕۆ راگەیاند و لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردووەتەوە، "ئۆپەراسیۆنەکان تا لەناوبردنی هەڕەشە و بارەگای گرووپە تیرۆریستییەکان و پابەندی بەرپرسانی هەرێم [هەرێمی کوردستان] بە بەرپرسیارێتیان، بەردەوام دەبن".