موحسین مەندەلاوی بە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، موحسین عەلی ئەکبەر مەندەلاوی، بە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2022)، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ موحسن مەندەلاوی، بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژارد.

موحسن مەندەلاوی لەسەر بازنەی پێنجی بەغدای پایتەخت کورسی پەرلەمانتاری وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بەدەستهێنا.

مەندەلاوی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021، لەلایەن کۆنگرەی نیشتمانی گشتی کوردە فەیلییەکانەوە پشتیوانی کرا.

بەپێ رێککەوتنێک لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی موحسین مەندەلاوی بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئەمەش پاش ئەوە دێت کە ئەمڕۆ دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند نەکرا.