مانوێل پێلێگرینی خه‌ڵاتی باشترین راهێنه‌ری وه‌رگرت

مانوێل پێلێگرینی راهێنه‌ری ریال بێتیس 28 سێپتێمبه‌ری 2022
مانوێل پێلێگرینی راهێنه‌ری ریال بێتیس 28 سێپتێمبه‌ری 2022

لە مەڕاسیمی باشترینەکانی وەرزی رابردووی لالیگا، کەریم بێنزێما هێرشبەری فەرەنسی یانەی ریال مەدرید، توانی سێ خەڵات بباتەوە، بێنزێما سەرەتا وەکو باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی خولەکە خەڵاتی دی ئیستیفانۆی بردەوە، پاشان خەڵاتی باشترین گۆڵکاریشی بردەوە ، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزان بە دەنگی هاندەرانی لالیگای بەدەستهێنا.

ئالڤارۆ مۆراتا هێرشبەری هەڵبژاردەی ئیسپانیاش وەکو باشترین هێرشبەری ئەم هەڵبژاردەیە خەڵاتکرا. ئەو یاریزانە بە درێژایی ساڵی رابردوو توانی ئاستێکی باش لەگەڵ هەڵبژاردەکەی پێشکەش بکات، لە دوایین یاریش بە تۆمار کردنی گۆڵێک بەرامبەر پۆرتوگال، هەڵبژاردەکەی گەیاندە قۆناغی پێشکۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا.

كه‌ریم بێنزێما له‌ كاتی وه‌رگرتنی 3 خه‌ڵاتی وه‌رزی رابردوو
كه‌ریم بێنزێما له‌ كاتی وه‌رگرتنی 3 خه‌ڵاتی وه‌رزی رابردوو

یاگۆ ئاسپاس هێرشبەری سێلتاڤیگۆ، ئەو یاریزانەش وەکو باشترین گۆڵکاری ئیسپانی لالیگا خەڵاتکرا، ئەو یاریزانە وەرزی رابردوو توانی 18 گۆڵ بۆ یانەکەی تۆمار بکات، هەروەها ئاسپاس چوارەمجارە ئەو خەڵاتە لەلایەن رۆژنامەی وەرزشی مارکا بەدەست دێنێت.

یاسین بۆنۆ گۆڵپارێزی یانەی سێڤییاش وەکو باشترین گۆڵپارێزی وەرزی رابردوو خەڵاتی زامۆرای بەدەستهێنا.

خەڵاتی زامۆرا پێشکەش بەو گۆڵپارێزانە دەکرێت، کە لە ماوەی وەرزێک کەمترین گۆڵی لێدەکرێت و، یاسین بۆنۆی گۆڵپارێزی مەغریبی سێڤییاش، وەرزی رابردوو لە 31 یاریی 24 گۆڵی لێکرا و توانی 13 کلین شیتیشی تۆمار کرد.

مانوێل پێلیگرینی راهێنەری چیلیایی یانەی ریال بێتیسیش وەکو باشترین راهێنەری وەرزی رابردووی خولەکە دیاریکرا.

مانوێل پێلیگرینی لەگەڵ ریال بێتیس وەرزی رابردوو توانی ناسناوی جامی شای ئیسپانیا بباتەوە و لەگەڵ یانەکەی لە لالیگا پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا و، دواجار توانی وەکو باشترین راهێنەر خەڵاتی میگێل مونیۆز بەدەست بێنێت.

یاسین بۆنۆ گۆڵپارێزی یانه‌ی سێڤییا له‌ كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین گۆڵپارێزی وه‌رزی رابردوو
یاسین بۆنۆ گۆڵپارێزی یانه‌ی سێڤییا له‌ كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین گۆڵپارێزی وه‌رزی رابردوو