جوتیار عادل: نابێت رۆژنامەنووسان لە ململانێکاندا بکرێنە ئامانج

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی كوردستان هیوای چاکبوونەوە بۆ سۆران کامەران دەخوازێت
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی كوردستان، هیوای چاکبوونەوە بۆ سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 دەخوازێت و رایده‌گه‌یه‌نێت، نابێت رۆژنامەنووسان لە ململانێکاندا بکرێنە ئامانج.

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، "هیوای چاکبوونەوە بۆ سۆران کامەران، رۆژنامەنووس لە کوردستان24 دەخوازین کە لە کاتی رووماڵكردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان برینداربووه‌".

له‌ په‌یامه‌كه‌ی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی كوردستاندا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، رۆژنامه‌نووسان ئه‌ركیان گه‌یاندنی راستییه‌كانه‌، بۆیه‌ پێویستە هەرگیز لە ململانێکاندا نەکرێنە ئامانج.

ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24، لەکاتی رووماڵکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ برینداربوو، ئێستا له‌ژێر چاودێری ته‌ندروستیدایه‌.

ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی ئێران.

به‌گوێره‌ی دواهه‌مین ئاماری وه‌زاره‌تی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ ئه‌نجامی تۆپبارانه‌كانی ئه‌مرۆدا، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 كه‌سی دیکەش برینداربوونە.