كوردستان24 له‌گه‌ڵ په‌یمانگه‌ی ئه‌لجه‌زیره بۆ راگه‌یاندن رێككه‌وتنی هاوكاری واژوو كرد
K24 – هه‌ولێر:
له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر، دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 له‌گه‌ڵ په‌یمانگه‌ی ئه‌لجه‌زیره بۆ راگه‌یاندن، رێككه‌وتنی هاوكاری له بواره‌كانی راوێژی میدیایی واژووكرد.
ئه‌حمه‌د زاوێتی، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی میدیایی كوردستان24ی خۆشحاڵی به واژووكردنی رێككه‌وتنه‌كه ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌م رێككه‌وتنه كاریگه‌ری ئه‌رێنی له بواری به‌رزكردنه‌وه‌ی توانستی مرۆیی له كه‌ناڵه‌كه ده‌بێت.
زاوێتی، رێككه‌وتنه‌كه‌ی به رێككه‌وتنێكی جۆرایه‌تی سه‌ركه‌وتوو له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌یه‌كی پێشه‌نگی وه‌ك ئه‌لجه‌زیره و په‌یمانگه‌كه‌ی وه‌سف كرد و گوتی: پێشوازی له بیرۆكه‌ی كردنه‌وه‌ی خولی هاوبه‌ش له عێراق ده‌كه‌ین.
له به‌رامبه‌ردا ئیمان ئه‌لعامری، به‌ڕێوبه‌ری په‌یمانگه‌ی ئه‌لجه‌زیره بۆ راگه‌یاندن، رایگه‌یاند، رێككه‌وتنه‌كه دوێنێ سێشه‌ممه له نووسینگه‌ی په‌یمانگاكه له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر واژوو كرا و هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه له گه‌ڵاڵه‌ی به‌هێزكردنی هاوبه‌شی و رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
وتیشی: په‌یمانگه‌كه، له‌مه‌ودوا خزمه‌تگوزاری راوێژی میدیایی پێشكه‌شی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 ده‌كات و خولی تایبه‌ت بۆ به‌هێزكردنی توانای مرۆیی له دامه‌زراوه‌كه ده‌كاته‌وه.