به‌شیر حه‌داد: کوردستان24 میدیایەکی کاریگەره‌

"دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 ئەنجامدا"
دكتۆر به‌شیر حه‌داد
دكتۆر به‌شیر حه‌داد

K24 – هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی هێرشی مووشه‌كی و درۆنی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گای لایه‌نه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌:  ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 28ـی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2022) دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 ئەنجامدا، کە لە هێرشەکەدا بریندارببوو.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دكتۆر بەشیر حەداد، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ پەیامنێری کوردستان24 و تیمی هاوڕێی خواست.

ئاماژەی بەوەشدا، کە کوردستان24 میدیایەکی کاریگەر و خاوەن سیاسەتێکی باشی کارکردنی خۆیەتی، تاکو ئێستا بەشێوەیەکی پیشەییانە کاری خۆی دەکات و بووەتە بڵندگۆی گەیاندنی پەیامی هەموو دەنگ و رەنگەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی ئێران.