فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا: درۆنێكی ئێرانی به‌ره‌و هه‌ولێر ئاراسته كرابوو خرایه خواره‌وه
K24 – هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا به‌یاننامه‌یه‌كی له باره‌ی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، درۆنێكیان خستووه‌ته خواره‌وه، كه ئاراسته‌ی هه‌ولێر كرابوو.
له به‌یاننامه‌كه‌دا، كۆڵۆنێڵ، جۆ بوچینۆ، به‌ڕێوبه‌ری كاروباری گشتیی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه بێ پاساوه ده‌كه‌ین، كه سوپای پاسدارانی ئێران كردییه سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌و هێرشه هه‌ڕه‌مه‌كییانه بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر مه‌ده‌نییه بێ تاوانه‌كان و ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی ناوچه‌كه، كه زۆر به ئه‌سته‌م به‌دیهاتووه.
هه‌روه‌ها هاتووه: هیچ هێزێكی ئه‌مه‌ریكایی له ئاكامی ئه‌و په‌لامارانه‌دا زیانی به‌رنه‌كه‌وتووه، هه‌روه‌ها زیانیش به هیچ كه‌رسته‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكایی نه‌كه‌وتووه.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: كاتژمێر (02:10) خوله‌كی دوای نیوه‌ڕۆ به كاتی هه‌ولێر، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، فڕۆكه‌یه‌كی ئێرانی بێ فڕۆكه‌وانی جۆری "موهاجر -6"یان تێكشكاندووه، كه ئاراسته‌ی هه‌ولێر كرابوو و وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بوو بۆ سه‌ر هێزه‌كانی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه.
له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا، هاتووه: فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، له‌سه‌ر بنه‌مای بانگهێشتی حكومه‌تی عێراق و بۆ پێشكه‌شكردنی راوێژ و یارمه‌تی و راهێنانی هێزه هاوبه‌شه‌كان به مه‌به‌ستی شكستپێهێنانی هه‌میشه‌یی داعش كار ده‌كات و ره‌وشه‌كه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و پشتیوانی هێزه هاوبه‌شه‌كان له عێراق ده‌كات.