ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران: یارمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بده‌ن

فریاگوزاری سه‌ره‌تایی پێشكه‌ش به‌ بریندارێكی هێرشه‌كه‌ ده‌كرێت
فریاگوزاری سه‌ره‌تایی پێشكه‌ش به‌ بریندارێكی هێرشه‌كه‌ ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:

ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران له‌ باره‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر باره‌گای لایه‌نه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "لە مێژە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەوە دەدەن ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە دەستی دەرەکی و پیلانی ئیسرائیل یان هەوڵ بۆ جیابوونەوەو پارچەکردنی ئێران و هتد ببەستنەوە. ئەمجارەش هەراسان لە خرۆشانی خەڵکی ئێران، ئێمەی حیزبە سیاسییەکانی ناوەندی هاوکاری بە بکەر و هاندەری ئەم خۆپیشاندانانە ناو دەبەن".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "هێرش بۆ سەر ئەو بنکە و بارەگانەی کە باخچەی ساوایان و مەدرەسەی لێیە و شوێنی حەوانەوەی خەڵکانی سڤیل و مەدەنییە، پیشاندەری ئەوپەڕی داماوی و داڕمانی ئەخلاقی و سیاسی و دڕەندەیی سەرکردەکانی رژیمە".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان!

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی ئێمە لە کوردستانی عێراق.

دەزانین ئەمە دەرەنجامی ئاخێز و خرۆشانی یەکگرتووانەی ئێوەیە کە تەنگی بە ڕژیم نگریسی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵچنیوە. دەشزانین کە سەرەڕای سەرکوتی بەربڵاوی خەڵکی خرۆشاو و دەسبەسەرکرانی بەکۆمەڵی چالاکانی مەدەنی و سیاسی، بەتایبەت چالاکانی ژن، نەک هەر نەیتوانیوە لە پانتایی و بەرینایەتی ئەم خرۆشە نوێیە کەم بکاتەوە بەڵکو لەگەڵ ئازایەتی و چاونەترسی بێ وێنە و ورەی بەرزی لاوەکاندا رووبەروو بووەتەوە.

لە مێژە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەوە دەدەن ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە دەستی دەرەکی و پیلانی ئیسرائیل یان هەوڵ بۆ جیابوونەوەو پارچەکردنی ئێران و هتد ببەستنەوە. ئەمجارەش هەراسان لە خرۆشانی خەڵکی ئێران، ئێمەی حیزبە سیاسییەکانی ناوەندی هاوکاری بە بکەر و هاندەری ئەم خۆپیشاندانانە ناو دەبەن، بەڵام خۆی لە هەموو کەس باشتر دەزانێت ئەم هاوپشتی و هاودڵییە گەورە و گشتگیرتر لە جارەکانی پێشووە و ئاکامی ئازار و ناڕەزایەتییەکی دەیان ساڵەی پەنگخواردووە و لەسەر بەستێنی ناڕەزایەتی و سەرکوتەکانی پێشوو ڕاوەستاوە کە لەگەڵ جارەکانی پێشووش دا جیاوازە.

هێرش بۆ سەر ئەو بنکە و بارەگانەی کە باخچەی ساوایان و مەدرەسەی لێیە و شوێنی حەوانەوەی خەڵکانی سڤیل و مەدەنییە، پیشاندەری ئەوپەڕی داماوی و داڕمانی ئەخلاقی و سیاسی و دڕەندەیی سەرکردەکانی ڕژیمە. لەو باوەڕەداین ئەگەرچی ئەنجامی ئەم جووڵە و کردەوە ساویلکانەیە خەسار و زیانمان پێدەگەیەنێت و قوربانیمان لێدەگرێ،  بەڵام دڵەکان و دەستەکانی تەبایی و یەکگرتوویی خەڵک لە کوردستان و ئێران پێکەوە گرێ دەدا و پێوەندی ئێمەو ئەوان پتەوتر دەکا. ئەو خەڵکەی کە دروشمی "کوردستان چاو و ڕووناکی ئێران"، یا "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە، دڕوویان لە چاو و خەنجەریان لە دڵی کۆماری ئیسلامی وەشاند. ئەو ڕاپەڕین و بزووتنەوەیە هیچ چارەسەرێکی نییه جگە لە ڕووخانی ئەم ڕژیمە دژە خەڵکییە. هێرشی درۆن و موشەک بە ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەر وەڵام وەردەگرێ و یەکڕیزی سەراسەری لە ئێران و کوردستان بە دوای خۆیدا دێنێ. هەر بۆیە داوا لە هەموو خەڵکی ئێران و کوردستان دەکەین بەرامبەر بەم دڕەندەییەی سەرکوتگەرانی ڕژیم ناڕەزایەتی دەربڕن. یەکێتی و یەکڕیزی خۆیان لە گەڵ سەرجەم چین و توێژەکان پەرە پێ بدەن و گرینگی بە درێژەدانی ئەم ڕاپەڕینە بدەن.

لە ئازادیخوازان و سەرجەم ناوەندە نێونەتەوەیی و مافی مرۆییەکان و هەروەها ڕای گشتیی جیهان و دەوڵەتان داوا دەکەین لەهەمبەر ڕژیمی تیرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتیدەر و هاوکاری خەڵکی کوردستان و ئێران بن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٦ی رەزبەری ١٤٠١ی ھەتاوی