بافڵ تاڵه‌بانی هێرشه‌كانی ئێران به‌ پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدار ده‌زانێت

بافڵ تاڵه‌بانی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی ئێران: هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

‎K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌باره‌ی هێرشه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیداهاتووه‌: بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە بۆردومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین، كە چەندین شەهید و برینداری لێكەوتووەتەوە و دەیان خێزانیش ئاوارەبوون.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین.

‏‎ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عێراق، داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان. داواكارین هەموولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان.

‏‎داواشی لە حكومەتی عێراق كرد، ئەرك و بەرپرسیارییه‌تی خۆی لە پاراستنی خاكی عیراق و هەرێم جێبەجێبكات و سەروەری وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات.

‏‎پرسە و هاوخەمی قووڵیشی ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان خواست. ده‌شڵێت: "وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە بە دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان رابپەڕێنن و لەخزمەت هەموواندا بن".

‏‎هەموولایەكیش دڵنیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیر، هەرگیز لەیادناكەین و رشتنی خوێنی خەڵك لەبیرناچێتەوە.