تۆپخانەکانی ئێران بەردەوامن لە بۆردومانکردنی دەڤەری برادۆست

فەرماندەیەکی کۆمەڵە: ئەمشەو سێ پێشمەرگەمان برینداربوون
تۆپبارانكردنی ناوچه‌ی برادۆست
تۆپبارانكردنی ناوچه‌ی برادۆست

k24 - هەولێر:

بۆ شەشەم رۆژ لەسەر یەک، تۆپخانەکانی ئێران دەڤەری برادۆستیان بۆردوومانکرد و سێ ئەندامی کۆمەڵەش برینداربوون.

کاوە بەهرامی بەرپرسی ناوەنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی حزبی دیموکرات بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمشەو تا بەرەبەیان سوپای پاسداران بۆردوومانی ناوچەکانی سەقەر و بەربزینی لە دەڤەری برادۆست کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان هیچ زیانێکیان نەبووە، جگە لەو زیانانەی بە سرووشت و ناوچەکە کەوتووە.

هاوکات ئەمجەد حوسێن پەناهی فەرماندەی هێزی هەڵگوردی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە کوردستان24 راگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئێران لە دەڤەری برادۆست سێ پێشمەرگەیان برینداربوون.

دوێنێ، سوپای پاسداران بۆردوومانی بارەگا و شوێنی نیشتەجێبوونی حزبی دیموکرات، پارتی ئازادی کوردستان و کۆمەڵەی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کرد و لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا.

بە گوتەی محەمەد پاكپوور، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران: "بە 73 موشەكی بالستی و دەیان فڕۆكەی بێفرۆكەوانی بۆمبرێژكراو بنكە و بارەگای حزبەكانی دژبەری خۆیان لە خاكی عێراق كردووەتە ئامانج و توانیویانە 42 ئامانجی خۆیان بپێكن".