پەیامی یەکگرتوو بۆ عێراق: بە دانوستان کێشە لەگەڵ دراوسێکانت یەکلابکەوە

"داواكارین هەرچی زووترە جەنگ و خوێنڕێژی و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی هەرێم و عێراق بوەستێندرێت"
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

K24 – هەولێر:

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەیامێکدا، داوای لە حکومەتی عێراق کرد، سەروەری وڵات بپارێزێت و كێشە هاوبەشەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە گفتوگۆ و دانوستان یەكلایی بكاتەوە.

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشی بەرفراوانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان وەك هەمیشە ئیدانەی ئەم سنووربەزاندن و هێرشانە دەكەین و بە ناڕەوای دەزانین و داواكارین هەرچی زووترە جەنگ و خوێنڕێژی و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی هەرێم و عێراق بوەستێندرێت و ناوچەكە نەكرێتە جێی یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان".

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی، دەڵێ: لە روویەكی تریشەوە ئێمە وەك جارانی تریش دووپاتمان كردووەتەوە، دژی ئەوەین كە خاكی هەرێمی كوردستان بكرێتە سەرچاوەی هەڕەشە لەسەر وڵاتانی دراوسێ و گۆڕەپانی ململانێی خاوەن بەرژەوەندییەكان لە دوور و نزیك.

لە راگەیەندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە، "لەم وێستگەیەشدا داوا لە دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق دەكەین كە سەروەری وڵات بپارێزێت و كێشە هاوبەشەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە گفتوگۆ و دانوستان یەكلایی بكاتەوە".

رۆژی 28ـی ئەیلول، بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە نزیک پردێ، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هێرشیان کرایەسەر.

دوای چەند کاتژمێرێک لەو رووداوە، سوپای پاسدارانی ئێرانی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند.

بە پێی لێدوانی محەمەد پاكپوور، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشەکە لە رێگەی 73 موشەكی بالستی و دەیان فڕۆكەی بێفرۆكەوانی بۆمبرێژكراوەوە بووە و "توانیومانە 42 ئامانجی خۆمان بپێکین".

بە پێی دوایین ئامارەکان، بە هۆی ئەو هێرشانەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57ـی دیکەش بریندارن.

ئەو هێرشە چر و بەرفراوانەی سوپای پاسداران، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکا و به‌ریتانیا له‌ دوو راگەیە‌ندراوی جیادا به‌توندی ئیدانه‌ی هێرش و ده‌ستدرێژییه‌کانی ئێران ده‌که‌ن، که‌ به‌هۆیانه‌وه‌ خه‌ڵکی سڤیل بوونه‌ته‌ قووربانی. داوا له‌ ئێران ده‌که‌ن ئه‌م هێرش و پێشێلکارییه‌ بێ پاساوانه‌ی رابگرێت.

ئه‌مەریکا و به‌ریتانیا ده‌ڵێن، به‌رده‌وامی ههڕره‌شه‌کانی حکومه‌تی ئێران بۆ ئه‌نجامدان و هێرشی دیکه‌ ئیدانه‌ ده‌که‌ین، پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ خه‌ڵک و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و عێراق دووپاتده‌که‌نه‌وه‌.

نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان لەبارەی هێرشەکانی ئێرانەوە دەڵێت، دیپلۆماسیه‌تی به‌کارهێنانی مووشه‌ک ده‌رئه‌نجامی وێرانکه‌ری ده‌بێت. هه‌رێمی کوردستان و عێراق ره‌تیده‌که‌نه‌وه‌ خاکه‌که‌یان وه‌ک حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت و دراوسێکانی به‌رده‌وام و بێ سزا هێرشی ده‌که‌نه‌سه‌ر.

لەلایەکی دیکەوە، ئه‌ڵمانیا داوا ده‌کات ده‌ستبه‌جێ هێرشه‌کان رابگیرێن که‌ به‌هۆیانه‌وه‌ خه‌ڵکی سڤیل بوونه‌ته‌ قووربانی و باس لەوە دەکەن، "نیگەرانین لە هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان. بەداخەوەین کە خەڵک بوونەتە قوربانی. هێرشەکان پێشێلێکی بێپاساوی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراقن".