سعوودیه‌ لەبارەی هێرشەکانی ئێرانەوە داوایەک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات

K24 – هەولێر

شانشینی سعوودیه‌، هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی "بە توندی" سەرکۆنەکرد و داوایەکیشی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیه‌، لە بەیاننەمایەکدا و لەسەر زاری شانشینەکەیانەوە رایگەیاند: ئەو هێرشانە، هەڕەشەن لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق.

لەو بەیاننامەیەدا کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی سعوودیه‌وە بڵاوبووەتەوە، تێیدا هاتووە: دووپات لە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر هەموو پێشێلکارییەکانی ئێران دەکەینه‌وه‌، کە دژی یاسا و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە.

رۆژی 28ـی ئەیلول، بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە نزیک پردێ، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هێرشیان کرایەسەر.

دوای چەند کاتژمێرێک لەو رووداوە، سوپای پاسدارانی ئێرانی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند.

بە پێی لێدوانی محەمەد پاكپوور، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشەکە لە رێگەی 73 موشەكی بالستی و دەیان فڕۆكەی بێفرۆكەوانی بۆمبرێژكراوەوە بووە و "توانیومانە 42 ئامانجی خۆمان بپێکین".

بە پێی دوایین ئامارەکان، بە هۆی ئەو هێرشانەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57ـی دیکەش بریندارن.

ئەو هێرشە چر و بەرفراوانەی سوپای پاسداران، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. چەندین وڵاتی عەرەبی، ئەوروپی و ئەمەریکا، ئەو هێرشانەیان سەرکۆنەکرد.