ناوەندی هاوکاری داوای مانگرتنی سەرتاسەری لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایەک ئاراستەی رەوتە سیاسی و كەسایەتییەكانی سەرتاسەری ئێران دەكەن

K24 – هەولێر

ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران، داوای لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد، رۆژی شەممە (یەکی تشرینی یەکەم) مانگرتنی سەرتاسەری بکەن وهەمان داواشی لە رەوتە سیاسی و کەسایەتییەکانی ئێران کرد.

ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 29ـی ئەیلول) لە بەیاننامەیەکدا لەگەڵ ئاماژەدان بە دواهێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر چەند بنکە و بارەگایەکی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دووپاتیکردوە، "هێرشی رژێم بۆ سەر بارەگاكانی ئێمە، بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی رای گشتیی لە ناڕەزاییەكانی ئێستا و، دوژمنایەتی لەمێژینەی ئەم رژێمە لەگەڵ بزوتنەوەی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراوە."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئێمە داوا لە هەموو جەماوەری خەڵكی كوردستان دەكەین كە رۆژی شەممە 9 رەزبەر [یەکی تشرینی یەکەم] بە مانگرتنێكی گشتیی‌ و سەرتاسەری، ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر حیزبەكانی كوردستانی ئێران دەرببڕن و بۆ جارێكی دیكە پشتیوانی هەمیشەیی خۆیان لە بزوتنەوەی كوردستان و رۆڵەكانی خۆیان لە حیزبەكانی كوردستان نیشان بدەن.

ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران، هەروەها داوای لە "هەموو خەڵكی خەباتكاری ئێران و رەوتە سیاسی و كەسایەتییەكانی سەرتاسەری ئێران" کردووە کە "بە دەربڕینی ناڕەزایی سەرتاسەری، پشتیوانی خۆیان لە ئێمە و خەڵكی كوردستان نیشان بدەن و هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بارەگاكانی حیزبە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران مەحكوم بكەن".

ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران، لە حزبی دیموکراتی کوردستان ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پێکهاتووە.

رۆژی 28ـی ئەیلول، بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە نزیک پردێ، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هێرشیان کرایەسەر.

دوای چەند کاتژمێرێک لەو رووداوە، سوپای پاسدارانی ئێرانی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند.

بە پێی لێدوانی محەمەد پاكپوور، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشەکە لە رێگەی 73 موشەكی بالستی و دەیان فڕۆكەی بێفرۆكەوانی بۆمبرێژكراوەوە بووە و "توانیومانە 42 ئامانجی خۆمان بپێکین".

بە پێی دوایین ئامارەکان، بە هۆی ئەو هێرشانەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57ـی دیکەش بریندارن.

ئەو هێرشە چر و بەرفراوانەی سوپای پاسداران، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. چەندین وڵاتی عەرەبی، ئەوروپی و ئەمەریکا، ئەو هێرشانەیان سەرکۆنەکرد.