نادیە موراد داوای دادگایی كردنی فەرماندە و بەرپرسانی داعش دەكات

پێویستە وڵاتان دان بە جینۆسایدی کوردا بنێن

K24 - ھەولێر

نادیە مورادی کچە چالاکوانی ئێزیدی  و رزگاربووی دەستی چەکدارانی داعش، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە فەرماندە و بەرپرسانی داعش لەسەر تاوانی جینۆساید دادگایی بکەن.

نادیە موراد کە لەماوەی 12 مانگی رابردوودا، سەردانی زۆربەی وڵاتانی جیھانی کردووە و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەی وڵاتان کۆبووەتەوە و ئێستا ئەو کچە ئێزیدییە تەمەن 23ساڵە، داوا لە سەرکردەکانی جیھان دەکات کە دان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزیدیدا بنێن.

موراد کە چیرۆکی خۆی لەژێر دەستی داعش لەبەردەم وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان گێڕایەوە دەڵێ، لە یەکەم ھەلی باسکردن لە تاوانەکانی داعشدا، پێویستە وڵاتان دان بە جینۆسایدی کوردا بنێن.

نادیە ئێستا لەگەڵ خوشکێکی لە ئەڵمانیا دەژی و بووەتە دەنگی کوردانی ئێزیدی لەسەرانسەری جیھاندا و ھەفتەی رابردووش، بەشداری لە دانیشتنێکی تایبەتی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد تایبەت بە شەڕی داعش.