ئێران هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

له‌سه‌ر خستنه‌خواره‌وه‌ی درۆنه‌كانه‌
محه‌ممه‌د باقری
محه‌ممه‌د باقری

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، هەر جۆرە کردەوەیەکی ئەمه‌ریکا بەرامبەر بە درۆنەکانی ئێران بە توندترین شێوە وڵام دەده‌ینه‌وه‌.

محەمەد باقری، سەبارەت بە هەواڵی خستنه‌خواره‌وه‌ی درۆنێکی ئێران لە لایەن ئەمه‌ریکاوە لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر ئەمه‌ریکییەکان دژ بە درۆنەکانی ئێران بجووڵێنەوە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌ڵامی ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەی ئەمه‌ریکا دەدەنەوە و مافی وه‌ڵامدانەوە و کاردانەوەمان هەیە.

باقری بە ئاماژە کردن بەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زانیاریی تەواو و وردیان لەسەر بنکە سەربازییەکانی هەریر، هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان هەیە جەختی کردەوە ئێران لە دۆخی ئێستادا تەنیا لە دژی ئەو لایەنانەی دەیانەوێ ئێران پارچەپارچە بکەن ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات و هیچ کردەوەیەکی لە دژی ئەمه‌ریکییەکان نەبووە، بەڵام مافی تۆڵەی ئەم کارەی ئەمه‌ریکا بۆ ئێران پارێزراوە و لە جێی خۆیادا وه‌ڵامی شیاو بە هێزەکانی ئەمه‌ریکا دەدرێتەوە.

سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران گوتیشی: دانپێدانانی ئەمریکا سەبارەت بە خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئێران بەو مانایەیە کە ئەوان پشتیوانی لە گرووپە جیاخوازەکانی دژ بە ئێران دەکەن و خەریکی هاوکاریکردنی ئەوانن.