لە وڵاتێکی عەرەبی.. 19 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولییەوە گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر:

میدیاکانی مەغریب بڵاویانکردەوە، 19 کەس بەهۆی خواردنەوەی "مەی"ـەوە ژەهراوی بوون و لەئاکامدا گیانیان لەدەستداوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، خواردنەوە کحولیەکە خراپبووە و ئەوەش بووەتە هۆی ژەهراویبوونی ئەو کەسانەی خواردویانەتەوە، کە بەهۆیەوە دواتر گیانیان لەدەستداوە.

پۆلیسی شاری (قەسری کەبیر) لە باکووری مەغریب کەسێکی تەمەن 48 ساڵی دەستگیرکرد، بە گومانی تێوەگلان لە فرۆشتنی ئەو ماددە کحولیانەی کە زیان بە تەندروستی گشتی دەگەیەنن و دەبنە هۆی مردنی بەکارهێنەرانی، هاوکات گومانلێکراوەکە پێشینەی تاوانی هەبووە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی بە "فرانس24"ـی راگەیاند، تا ئێستا 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش دۆخی تەندروستییان تێكچووە، ئاماژەی بەوەشدا، تەمەنی قوربانییەکان لەنێوان 35 بۆ 50 ساڵدایە.