54 وڵات داوایەک ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەن

"کاتی ئەوە هاتووە، بەرپرسانی ئێران گوێبیستی ئەو داواجیهانییە بن و کۆتایی بە توندوتیژی بێن"
هێزە ئەمنییەکان لە کاتی بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران
هێزە ئەمنییەکان لە کاتی بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران

K24 – هەولێر

رۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، لەگەڵ ئاماژەدان بە بەیاننامەی وڵاتانی شیلی و ئیسپانیا، رایگەیاند "54 وڵات داوایان لە ئێران کردووە کۆتایی بە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بێنێت".

لە بەیاننامەکەی شیلی و ئیسپانیادا داوا لە دەسەڵاتدارانی تاران کراوە، چیتر توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بەکار نەهێنێت و بە پێی قسەکانی رۆبێرت مالی، 54 وڵات ئەو بەیاننامەیان واژوو کردووە. ئەو دەڵێ: کاتی ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی ئێران گوێبیستی ئەو داواجیهانییە بن و کۆتایی بە توندوتیژی بێنن.

میشێل تیلۆر، نوێنەری هەمیشەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لیژنەی مافی مرۆڤ، لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ئەمەریکا و 53 وڵاتی دیکە داوا لە ئێران دەکەن لێکۆڵینەوەی بەپەلە، تەواو، بێلایەن و ئاشکرا لەبارەی دۆسیەی کوژرانی مەهسا [ژینا] ئەمینی ئەنجام بدات".

نوێنەرەکەی ئەمەریکا هەروەها رایگەیاندووە، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێ توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران نەبینێت".

ئەو دووپاتیکردەوە، "ئەمەریکا پشتیوانی خەڵکی ئیرانە".

لە بەیاننامەی ئەو 54 وڵاتەدا هاتووە، "زۆر بە رژدی داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەین بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بەو خۆپێشاندەرانەی کە داوای مافی ئازادیی بیروڕا دەکەن، کۆتایی پێبێنێت و چیتر توندوتیژی و هەڵاواردنی ژنان درێژە پێنەدات".

15 رۆژە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران و سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە، بەردەوامە. 

زۆربەی خۆپێشاندانەکان توندوتیژیان لێکەوتووەتەوە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 100 خۆپێشاندەر بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.