گوندی زڕگوێز چۆڵ دەکرێتەوە
K24 - سلێمانی
دوای بۆردوومانەکانی ئێران بۆ سەر بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە زڕگوێز رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە، بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکەیان چۆڵکردووە.
ھیوا عەبدوڵڵا، یەکێکە لە گوندنشینانی گوندی زڕگوێز و کرێکارە و خاوەنی چوار منداڵە، بە کوردستان24ی راگەیاند، لەگەڵ یەکەم دەنگی بیستراوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاسمانی ناوچەکەوە چووەتە قوتابخانە و منداڵەکانی خۆیی و چەند منداڵێکی دیکەی گەیاندووەتە ماڵەوە و گوندەکەیان جێھێشتووە.
دەشڵێت: ''دوای ئارامبوونەوەی دۆخەکە من و خێزانم گەراینەوە گوند، دواتر منداڵەکانم ھێنایەوە، شەو چەند پۆستێکم بینی کە نوسرابوو زڕگوێز جێبھێڵن ئێران ئەمجارە بەخەستی ناوچەکە بۆردوومان دەکات، منداڵەکانم زۆر ترسان و دووبارە گوندەکەمان جێهێشت".
سەرەڕای ئاوارەبوونی بەشێک لە هاووڵاتیانی گوندی زڕگوێز، قوتابخانەکانی ئەو گوندە تا کاتێکی نادیار داخراون و بە گوتەی بەشێک لە ھاووڵاتیانی گوندەکە دووبارە دەنگی فڕۆکە بیستراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو 28ـی ئەیلوولی 2022، ئێران لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرشێکی فراوانی کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی رۆژهەڵات لە زڕگوێز، کۆیە و پردێ، لە ئاکامدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون، هاوکات بەشێک لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە ماڵەکانیان جێهێشتووە.
زڕگوێز، کەوتووەتە سنووری ناحیەی تانجەڕۆی سەر بە قەزای ناوەندی سلێمانی، لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندەکانی سەدوبیست و تانجەرۆ، لە باشوور لەگەڵ گوندی کانی شاسوار و لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی حەمەی بارام و لە رۆژاوا لەگەڵ گوندی شێخ عەوڵڵا.