هۆشیار زێباری بۆ کوردستان24: هێرشەکانی ئێران پەیامێك بوو بۆ لایەنە عێراقییەکان

"رەنگە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق شکستبهێنن"
هۆشیار زێباری
هۆشیار زێباری

K24 - هەولێر:

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی کە لەلایەن ئێرانەوە کرانە سەر هەرێمی کوردستان تەنیا پەیامێک بوو بۆ لایەنەکانی دیکەی ناو عێراق.

لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، زێباری هێرشەکان بە پەرەسەندنێکی یەکجار مەترسیدار ناودەبات و رایدەگەیەنێت، ئێران کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دامەزراوەکانی عێراق هەیە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەو بنبەستە سیاسییەی کە ئێستا لەئارادایە.

هۆشیار زێباری هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی بە نیوەناچڵ وەسفکرد و گوتی "رەنگە شکست بهێنن هەر بۆیە ئەم بنبەستە سیاسییە بەردەوام دەبێت".

هۆشیار زێباری کە ئێستا لە ئەمریکایە دووپاتی دەکاتەوە، لەکاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاربەدەستان و ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە نالەباریی دۆخی عێراق و لێکەوتەکانی ئەم بارودۆخە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەدات.

ناوبراو گوتیشی: قەیرانی سیاسیی عێراق بەردەوامە، ‌‌هێشتا هەلومەرجی پێکهێنانی حکومەت دەستەبەر نەبووە. کێشە و خۆپیشاندان و توندوتیژی هەن، هەرچەندە ئێستا ئێمە لە کوردستان پارێزراوین، بەڵام ئەم ئاڵۆزییانە کارمان لێدەکەن، ئێران بە 73 مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان تەنیا بۆئەوەی پیشانی لایەنەکانی دیکە بدات "ئەوان بەهێزن".

بە بڕوای هۆشیار زێباری ئێران کاریگەریی لەسەر زۆر دامەزراوەی عێراق هەیە لەوانەش سیستەمی دادوەری، هاوکات ئەو بنبەستەی ئێستا عێراق پێیگەیشتووە بەهۆی بڕیارە هەڕەمەکییەکانی دادگای فیدراڵییە، دەشڵێت "ئەوان لە راستیدا کودەتایەکیان کرد و دادگایان کردە چەکێك بۆ لێدانی نەیارانیان".