مانگرتنی سەرتاسەری لە ئێران و خۆپێشاندان لە 150 شاری جیهان دەستیپێکرد

خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامە
خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامە

K24 – هەولێر  

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەردەوامن، ئەمڕۆ (شەممە) لە سەرتاسەری ئیران مانگرتنی گشتییە و خۆپێشاندان لە 150 شار و شارۆچکەی وڵاتانی دیکە دەستیپێکردووە.

ئێوارەی رۆژی هەینی (30ـی ئەیلول) خۆپێشاندان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و لەوانە تاران، گەوهەردەشتی کەرەج، ئەردەبیل، سەقز، بۆکان، کرمان، دێزفول، ئابادان، ئەهواز، ئەراک و زاهیدان بەڕێوەچوو.

لە زۆربەی شارەکاندا، خەڵک لە ناو ئۆتۆمبێلدا و دەست لەسەر هۆڕن، ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە دۆخی وڵاتیان دەربڕی.

هەینی خوێناوی

هەڵبەت دۆخەکە لە شاری زاهیدان (رۆژهەڵاتی باشووری ئێران، هاوسنوور لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان) بە تەواوی جیاواز بوو و توندوتیژی زۆری لێکەوتەوە.

تۆڕی هەواڵی دۆیچەڤێلەی ئەڵمانی، لەسەر زاری سەرچاوەیەکەوە رووداوەکانی دوێنێی زاهیدان دەگێڕێتەوە و دەڵێ، "خەڵک دوای نوێژی هەینی، چوونە پێش بنکەی ئاسایش، بەڵام بەداخەوە لەناو بنکەکەوە راستەخۆ تەقە لە خەڵک کرا و بەداخەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون. هێزە ئەمنییەکان زۆر بێبەزەییانە تەقەی راستەوخۆیان لە خەڵک دەکرد. دوای ئەو تاوانە، دۆخی شارەکە بە تەواوی شڵەژا".

یەک لە بریندارانی خۆپێشاندانەکەی زاهیدان
یەک لە بریندارانی خۆپێشاندانەکەی زاهیدان

هاوکات بەرپرسێکی قوتابخانەی دارئەلعلومی زاهیدان بە دۆیچەڤێلەی گوتووە، "قوتابخانەکە پڕ بوو لە تەرمی خەڵک. هەر کەسێک لە نزیک مزگەوتی مەککی سوننە بوایە، راستەوخۆ تەقەی لێدەکرا. خەڵکێکی زۆر گیانی لەدەستداوە، هەر بۆیە رەنگە دۆخەکە زیاتر بشڵەژێت. خەڵک تووڕەن و دەڵێن، بە گولـلە وەڵامی خۆپێشاندانی ئاشتیانەیان داوەتەوە، بۆیە دیارە پێشتر بەرنامەیان بۆ داڕشتووە".

حکومەتی ئێران بە شێوەی فەرمی رایگەیاند کە لەو گرژیانەدا، 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و 20ـی دیکە برینداربوونە. عەلی موسەوی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە زاهیدان، یەک لەو کەسانەیە کە لە ئەنجامی گرژییەکاندا، مردووە.

هەڵبەت کەمپینی چالاکانی بەلوچ، ئامارێکی جیاواز لە حکومەتی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، 58 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 270 کەسیش برینداربوونە.

مانگرتنی سەرتاسەری

دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە (28ـی ئەیلول) بنکە و بارەگاکانی چوار حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆردومانکرا، ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا داوای لە خەڵکی ئێران کرد رۆژی شەممە (یەکی تشرینی یەکەم) لە سەرتاسەری ئێران مانبگرن.

چەند منداڵێک کە لە ترسی بۆردومانەکانی ئێران، ماڵیان جێهێشتووە
چەند منداڵێک کە لە ترسی بۆردومانەکانی ئێران، ماڵیان جێهێشتووە

هەشت حزب و رێکخراوی ئازەربایجانی و ناوەندی سیاسی و پیشەیی و قوتابیان پشتگیریان لە بانگەوازەکەی ناوەندی حزبەکانی کوردستانی ئێران کرد و داوای مانگرتنی سەرتاسەریان کرد.

(ئەنجوومەنی بەڕێوەبەتی کاتی) بۆ پشتگیری لەو بانگەوازە بەیاننامەیەکی دەرکرد و رایگەیاند، "داوا لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وەکو کرێکاران، مامۆستایان، قوتابیان و خەڵکی بازاڕ دەکەین رۆژی شەممە مانبگرن و یارمەتی گەنجانی ئێران بدەن بۆ ئەوەی لە هەرەوەزییەکی نەتەوەییدا بۆ رزگارکردنی ئێران، یەکدەنگ بین".

گەورەترین خۆپێشاندانی ئێرانییەکان

بە دەستپێشخەری ئەنجوومەنی قوربانیانی گەشتی PS752 بڕیارە ئەمڕۆ گەورەترین خۆپێشاندانی ئێرانیانی تاراوگە لە 150 شار و شارۆچکە بەڕێوەبچێت.

حامید ئیسماعیلیون، وتەبێژی ئەنجوومەنەکە چەندین پۆستەری بە دروشمی "خۆپێشاندانی ئازاد بۆ ئێران" و کاتی هاتووە" و، وردەکاری بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکانی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە.

هاوکات رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران، لە پەیامێکدا داوای لە ئێرانیانی تاراوگە کرد "بۆ ئازادیی ئێران، یەکگرتوو بن". ئەو نووسیویەتی، "نەک هەر بە دڵ و زمان، بەڵکو بە کردەیی بچنە ناو گۆڕەپانەکە".