پزیشکانی دەڤەری راپەڕین لە دەوامی نەخۆشخانە و کلینیکە تایبەتەکان مان دەگرن

پزیشکێک بە شەش مانگ بەندکردن سزا درا
دیمەنێکی بازاڕی رانیە
دیمەنێکی بازاڕی رانیە

K24 - رانیە

پزیشکانی پسپۆر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین مانگرتنیان لە دەوامی نەخۆشخانە و کلینیکە تایبەتەکانیان راگەیاند.

دوای یەکلایی کردنەوەی دۆسێیەکی دادگا کە لەسەر پزیشکێکی پسپۆری ئافرەتان تۆمارکرابوو بە بەندکردنی بۆ ماوەی شەش مانگ، پزیشکانی پسپۆری ئافرەتان و سەرجەم پسپۆرییەکانی دیکە لە سنووری راپەڕین مانگرتنیان راگەیاند و ئەمڕۆ جگە لە حاڵەتی فریاکەوتن و کتوپڕەکان لە نەخۆشخانە و کلنیکە تایبەتەکانیان دەوام ناکەن.

ھیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر پزیشێکی ئافرەتان، سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ئافرەتێک لەلایەن کەسوکاری نەخۆشەکە و وەرگرتنی رێوشوێنە یاساییەکان، ھەفتەی رابردوو دادوەر بۆ ماوەی شەش مانگ سزای پزیشکێکی ئافرەتانی لە سنووری تەندروستی راپەڕین دەرکرد. پزیشکانی ھاوپیشەی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین وەک ھەڵوێستێک بەرامبەر بڕیارەکەی دادگا بڕیاریاندا لە نەخۆشخانە و کلینیکە تایبەتەکانیان دەوام نەکەن و مانگرتنیان راگەیاند، بەڵام بڕیارەکەیان حاڵەتە ئیمێرجنسییەکان ناگرێتەوە و نەشتەرگەری و ھەموو حاڵەتە کتوپڕەکان خزمەتگوزاریان پێشکەش دەکرێت".

کوردستان24 زانیویەتی ئەو سکاڵا یاساییە لەسەر پزیشکە ئافرەتەکە پێشتر لە دادگا داخرابوو، بەڵام دوای تێهەڵچوونەوە ( تەمیزکردنەوە) بڕیارەکەی دادگا لەلایەن کەسوکاری ئافرەتەکە، دادگا بە شەش مانگ سزای بەندکردنی پزشکە ئافرەتەکەی دەرکردووە.