ماكرۆن داوای راوبۆچوونی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات له‌باره‌ی دۆخی عێراق

دیداری سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی فه‌ره‌نسا
دیداری سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی فه‌ره‌نسا

K24 – هه‌ولێر:

ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا داوای له‌ سه‌رۆكی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی (سێنات)ی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌ سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بكات بۆ وه‌رگرتنی راوبۆچوونی له‌باره‌ی بارودۆخی عێراقه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (1ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌ سه‌لاحه‌ددین، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، پێشوازی لە سێناتۆر کریستیان کامبۆن، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا و ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر کرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا پێزانینی بۆ رۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی لە بارودۆخی عێراق و کوردستان ده‌ربڕی و رایگەیاند، سەرۆک ماکرۆن رایسپاردووە کە سەردانی سەرۆک بارزانی بکات بۆ وەرگرتنی راوبۆچوونی له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسی عێراق.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی، له‌ دیداره‌كه‌دا بارودۆخی سیاسی عێراق خراوه‌ته‌ بەر باس و بیروڕا، لەبارەی ئەو رێککەوتنەش ئاڵوگۆڕکرا کە لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننە و کورد لەسەر بنەمای دەستوور ئەنجامدراوە، جەختیش لەوە كراوه‌ته‌وه‌ کە کێشەکانی عێراق لە رێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

سه‌باره‌ت بە هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەردوولا لێدانی خەڵکی سڤیل و بۆردوومانی قوتابخانە و شوێنی مەدەنیان بە تاوانێکی گەورە لە قەڵەمدا.

لە بەشێکی دیكه‌ی ئەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکومەتی فەرەنسای کرد، کە لە رۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە، بە تایبەتیش هاتنی سەرۆک ئۆڵاند لە کاتی پەلاماری داعش بۆ سەر هه‌رێمی کوردستان ئاماژەیەکی گەورەی دۆستایەتی گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان بوو.

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی پاڵپشتییه‌كانی وڵاتەکەی و دۆستایەتی گەلی کوردستان، كرده‌وه‌.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی فه‌ره‌نسا، میدالیای ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی وەک دیاری پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد.

یس