هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی گفتوگۆیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی نه‌وت و گاز

ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی خۆی نیشاندان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كۆتایی پرسی نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌رێگه‌ی گفتوگۆوه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (1ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، ده‌رگای هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ واڵایه‌ بۆ گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ به‌غدا.

سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكانی پێشووی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و گاز، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌چوونی گفتوگۆكانی كردووه‌ و لیژنه‌ هونه‌رییه‌كانیش ئاماده‌ن، هه‌ر كاتێك به‌غدا ئاماده‌بێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ست به‌ گفتوگۆكان بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده‌یه‌.

هه‌روه‌ها ئومێد سه‌باح، روونیكرده‌وه‌، له‌مساڵدا حكومه‌تی عێراق ته‌نها دووجار بڕی 200 ملیار دیناره‌كه‌ی ناردووه‌ و هه‌موو مانگه‌كانی دیكه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ پشتبه‌ستن به‌ داهاته‌كانی ناوخۆ، مووچه‌ی دابینكردووه‌.

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی بودجه‌ی گشتی عێراقه‌وه‌ بۆ ساڵی 2023، رایگه‌یاند، دوای پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كه‌ ده‌ست به‌ رێكاره‌كانی داڕشتنی یاسای بودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2023 كرا، ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه‌ به‌شداری له‌ گفتوگۆكان بكات.