عێراق.. تشرینییەکان گەڕانەوە سەر شەقام
K24 – هه‌ولێر:
ئەمڕۆ شەممە، (1ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، لە سێیەم ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی 2019، تشرینییەکان لە بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
لەگەڵ گەیشتنیان بە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا، دەستیان بە گوتنەوەی درووشم کرد و تێیدا داوای "حکومەتێکی سەربەخۆ بەبێ دەستوەردانی دەرەکی و دوور لە گەندەڵییان"کرد، کە بتوانێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک دابینبکات.
هێزە ئەمنییەکانیش بۆ رێگریكردن لە چوونی خۆپیشاندەران بۆ ناوچەی سەوز، هەردوو پردی کۆماری و سنەکیان داخست و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانیان پەیدابوو، لە ئەنجامدا چەند کەسێک برینداربوون.
گەڕانەوە بۆ گۆڕەپان
خۆپیشاندانی ئەمجارەی تشرینییەکان بۆ یادكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019 چاوه‌ڕوانكراوبوو، هه‌رچه‌نده پێشتر لە (2ی ئەیلوول/سێپتێمبه‌ری ٢٠٢٢)، جارێکی دیکە خۆپیشاندانیان لە بەغدا ئەنجامدا و داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسیی وڵات و هەڵوەشانەوەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقییان کرد.
بەڵام بەهۆی ناکۆکی سەرکردە و کەسە دیارەکانی تشرینییەکان ئەوکات خۆپیشاندانەکان درێژەیان نەکێشا، فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق، کە وەک سەرکردەیەکی تشرینییەکان ناویدەهێنرێت لە تویتێکدا هۆشداریدایە تشرینییەکان لە چوونەوە سەر شەقام و گوتی "هەمووتان دەکوژن"، بۆچوونیشی وابوو ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات جگە لە بێهودەیی هیچی دیکە نییە.
دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان دوای شکستی شوێنکەوتووانی رەوتی سەدر هات لە بەغدا و ناوچەی سەوز، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
لە (30ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، موقتەدا سەدر رۆژێک دوای دەستبەرداربوونی لە سیاسەت، بە گوتارێک کۆتایی بە خۆپیشاندانی زیاتر لە مانگێکی شوێنکەوتووەکانی هێنا، کاتێک لە کۆنفراسێکی رۆژنامه‌وانیدا، داوای لێکردن لە ماوەی 60 خولەکدا لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
خۆپیشاندانێکی جیاواز
تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری 2019، خۆپیشاندانی جەماوەری لە بەرامبەر بێ‌کاری، هەژاری، کەمی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا دەستیپێکرد، بەڵام هەر زوو بۆ راپەڕینی جەماوەری گۆڕدرا، ئاستی داواکارییەکانیان بۆ دوورخستنەوەی گەندەڵکاران لە دەسەڵات، کۆتاییهێنان بە هەژموونی حزب و گرووپە چه‌كداره‌کان لەسەر دەسەڵات و گۆڕینی دەستوور، به‌رزكرده‌وه.
خۆپیشاندانی تشرینییەکان بووە خاڵی جیاکەرەوە لە مێژووی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق لە دوای ساڵی 2003، ئایکۆنێکی عێراقی بوون کە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کۆکردەوە دواکارییەکانیانی یەکخست.
راپەڕینەکە 10 پارێزگای ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقی گرتەوە بە بەغدای پایتەختیشەوە، نزیکەی یەک ساڵ بەشێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام بوو، هەر زوو رووبەڕووی سەرکوتکاری له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه بوونه‌وه، دەیان جۆر چەک بەرامبەریان بەکارهێنرا کە بەهۆیەوە خوێنێکی زۆری عێراقییەکان ڕژا.
به گوێره‌ی دواهه‌مین ئاماره‌كان، زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر گیانیان له‌ده‌ستدا و 26 هەزار کەسی دیكه‌ش برینداربوون.
هەروەها دەیان چالاکوان و رێکخەری خۆپیشاندانەکان "تیرۆرکران یان فڕێندران و بێ سەروشوێن کران" بەبێ ئەوەی بکەرەکانیان ئاشکرابکرێن بەڵام خۆپیشاندەران پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی گروپه چه‌كداره‌كان کرد.
ناسڕییه، قه‌ڵای تشرینییه‌كان
دوای سووتاندنی كونسوڵخانه‌ی ئێران له شاری نه‌جه‌ف و باره‌گای زۆربه‌ی لایه‌نه شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵات له زۆربه‌ی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، تشرینییه‌كانی ناسڕییه، رووبه‌رووی خوێناوی‌ترین سه‌ركوتكاری بوونه‌وه. له رۆژانی 28-30ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكۆتبه‌ری 2019، به‌هه‌موو هێزێك هه‌وڵی شكاندنی مانگرتن و كۆتاییهێنان به خۆپیشاندانی تشرینییه‌كان هێندرا. كه ئه‌مه‌ش بووه هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌ی فراوانی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، له‌دژی به‌كارهێنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران و رژانی خوێندنی ده‌یان هاووڵاتی عێراقی، كه داوای مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن.
ده‌ستكه‌وتی تشرینییه‌كان
لە ئەنجامە بەدەستهاتووەکانی خۆپیشاندان و راپەڕینی تشرینییەکان، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران بوو لە تشرینی دووەم/ئۆكتۆبه‌ریی 2019 لەسەر داوای مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەکان لە نەجەف، هەروەها ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەسەند بۆ ئەوەی دەرفەت لە بەردەم کەسانی سەربەخۆ و بێلایەن بکرێتەوە تا بچنە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
مستەفا کازمی، کە بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە شیعەکان لە ئایاری 2020 پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بەڵێنیدا بکوژانی خۆپیشاندەران بە سزا بگەیەنێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، هەرچەندە کازمی لە رێکخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە سەرکەوتوو بوو لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڵام وەک تشرینییەکان دەڵێن،" نە گەندەڵکاران دوورخرانەوە و نە بکوژانیش سزادران".