لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزی یارییەکی تۆپی پێدا 174 کەس گیانیان لەدەستدا

بەشێک لە یارزان و هێزە ئەمنییەکان لە یارگاکەدا، وێنە: AFP
بەشێک لە یارزان و هێزە ئەمنییەکان لە یارگاکەدا، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

لە یاریەکی تۆپی پێدا لە ئەندەنوسیا بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هاندەرانی یارییەکەدا، 174 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 180 کەسی دیکەش برینداربوون.

دوای ئەوەی یانەی پیرسیبایا سورابایا لە یاریگای کانجوروهان لە شاری مالانگ سەربە ویلایەتی خۆرهەڵاتی جاڤا لە ئیندۆنێزیا، بە ئەنجامی 3 – 2  سەرکەوتنی بەسەر ئاریما مالانگ دا بەدەستهێنا، شەڕ و پێکدادانێکی زۆر لە نێوان لایەنگرانی هەردوو یانەکەدا روویدا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس، هاندەرانی یانەی "ئاریما مالانگ" کاتێك یانەکەیان لە یاریگای کانجوروهان لە شاری مالانگ بە ئەنجامی 3 – 2 یاریەکیان بەرامبەر بە یانەی "بێرسیبایا سورابایا" دۆڕاند، ئەو یاریە بووە یەکەم بردنەوەی رکابەرەکەیان لە 20 ساڵی رابردوودا.

بەهۆی دۆڕانی ئەو یانەیەوە ئاژاوە و پێکدادان لەنێوان هاندەران دروستبووە و پۆلیسی ئەو شارەش بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، گازی فرمێسكرێژی بەسەر هاندەراندا تەقاندووە، لە ئاکامدا ژمارەیەك کەس بەهۆی کەووتنە ژێر دەست و پێ یان خنکان بە گاز گیانیان لەدەستداوە و لەو نێوەندەشدا دوو پۆلیس کوژراون.

پۆلیسی ئەو شارە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، 174 کەس گیانیان لەدەستدا، کە دووان لەوانە لە هێزەکانی پۆلیسدا بوون"، گوتیشی "34 کەس لەوانەی مردوون لەناو یاریگا گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکە، لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2022) جۆکۆ ویدۆدۆ، سەرۆکی ئەندەنوسیا بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی یارییەکانی تۆپی پێ لەو وڵاتە بکرێت.

سەرۆکی ئەندەنوسیا لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پێویستە وەزیرانی وەرزش و لاوان و پۆلیسی نیشتمانی و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی تۆپی پێی ئەندەنوسیا "هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ یارییەکانی تۆپی پێ و رێوشوێنە ئەمنییەکان" بکەن.

وەزیری وەرزش و لاوانی ئەندەنوسیا، زەین ئەلدین ئامالی لە لێدوانێکیدا گوتی: داوای لێبووردن دەکەین لەوەی روویداوە، ئەم کارەساتە زیانی زۆر بە تۆپی پێی وڵاتەکەمان دەگەیەنێت، بە وردی پشکنین بۆ چۆنێتی رێکخستنی یاریەکە و ژمارەی هاندەران دەکەین، ئایا بوونی هاندەران لە یاریەکاندا قەدەغە دەکرێت؟ ئەوەیان تاووتوێی دەکەین".