سلێمانی.. نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی نۆ دیاریكرا

کارەبای مۆلیدەی ئەهلی
کارەبای مۆلیدەی ئەهلی

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى رایگەیاند، نرخی ئەمپێرێک موەلیدە لە سلێمانى لەنێوان (12.500 بۆ 13.500) دەبێت، هاوكات به‌پێی خشتەی پێدانی كارەبای موه‌لیدەش گۆڕانکارى تێداکرا.

لە راگەیەندراوەکەی کارەبای سلێمانیدا هاتووە، ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 2/10/2022 لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كۆبوه‌وه‌، به‌گوێره‌ی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موه‌لیدە بە(64) دینار بۆ مانگی ئەیلول دیاریكرا، كه‌ به‌تێكڕایی موەلیدە ئه‌هلییه‌كان لەنێوان (190) بۆ (210) كاتژمێر كاریان كردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان (12.500) هه‌زار بۆ (13.500) هه‌زار دینار دەبێت و نرخی ئەمپێرێكیش لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكه‌ جیاوازە به‌و پێیه‌ی به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌ژمارده‌كرێت كه‌ بۆ موه‌لیده‌كان دانراوه‌و كاتژمێری كاركردنیان تۆمارده‌كات.

سەبارەت بە بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ ئەم مانگە (تشرینى یەکەم)،  لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، موەلیدە لەکاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ بۆ 1ى شەو کاردەکەن، لەگەڵ بەیانیان لەکاتژمێر 6:30 بۆ 8ى بەیانى ئەگەر کارەباى نشتیمانى کوژایەوە، موەلیدە ئه‌هلییه‌كان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن‌.

لەكۆبوونەوەكەشدا ئەو خاڵە دووپاتكرایەوە، كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی موه‌لیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە.