پاوانخوازترین رۆژنامەی ئێران هێرشی کرایەسەر

رۆژنامەی کەیهان
رۆژنامەی کەیهان

K24 - هەولێر:

رۆژنامەی کەیهانی ئێرانی کە سەربە رەوتی پاوانخوازی ئێرانە، رایگەیاند، بنکەی رۆژنامەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشیکراوەتە سەر.

بە گوێرەی راگەیەندراوی رۆژنامەکە، دوێنێ شەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2022) لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ئێران، ژمارەیەك خۆپیشاندەر لەبەردەم بنکەی رۆژنامەکە گردبوونەتەوە و هەوڵی چوونەژوورەوەیان داوە.

رۆژنامەی کەیهان خۆپیشاندەران بە "ئاژاوەگێڕ" لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، باڵەخانەکەیان زیانی بەرکەوتووە.

رۆژی 22ی سێپتەمبەر، کەیهان رەخنەی لە بەشداربووانی ئەو خۆپیشاندانە گرت کە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی بەڕێوەدەچن و رایگەیاند، "بەكرێگیراوانی دوژمن دەمامكەكانیان فڕێداوە"، داواشیانکرد لێبووردەیی بۆ "تاوانباران" نەکرێت.

رۆژنامەی کەیهان دیارترین رۆژنامەی سەر بە رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە. به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ له‌ لایه‌ن رێبه‌ری مه‌زنی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌ دوو رۆژنامه‌ی دیكه‌ی ئه‌م وڵاته‌دا هه‌یه‌.

سەرەڕای گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی پتەو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، مانگرتن و خۆپیشاندان لە چەند شارێکی گەورەی ئێران بەردەوامە.

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی کە لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە گیرابوو، خۆپیشاندان زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی فراوانی بەرامبەر بەو پرسە نیشان دا.