ئانچیلۆتی هۆكاری له‌ده‌ستدانی دوو خاڵه‌كه ئاشكرا ده‌كات

یانه‌ی ریال مه‌درید بۆ یه‌كه‌مجار له‌م وه‌رزه لالیگا خاڵی له‌ده‌ستدا و له نێو یاریگه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر ئۆساسۆنا كه‌وته داوی یه‌كسانبوونه‌وه و بێنزێماش لێدانی پێناڵتی له‌ده‌ست دا و بارسێلۆنای له پێشه‌نگ هێشته‌وه.
له گه‌ڕی حه‌وته‌می لالیگا، ریال مه‌درید له نێو یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی ئۆساسۆنای كرد، له خوله‌كی 42 ڤینسیۆس جۆنیۆر ده‌ستپێشخه‌ری له گۆڵكردن كرد و پێنجه‌مین گۆڵی خۆی له‌م وه‌رزه‌ی لالیگا تۆمار كرد، به‌ڵام له نیوه‌ی دووه‌م هه‌رزوو دوای تێپه‌ڕبوونی پێنج خوله‌ك گارسیا كیكی ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ ئۆساسۆنا یه‌كسان كرده‌وه، هه‌رچه‌ند له خوله‌كی 78 داڤید گارسیا به كارتی سوور له یارییه‌كه ده‌ركرا، به‌ڵام ریال مه‌درید نه‌یتوانی بگه‌ڕێته‌وه و دوو خاڵی له یارییه‌كه له‌ده‌ست دا.
ئانچیلۆتی: باشترین یاریمان كرد كه‌چی 2 خاڵمان له‌ده‌ست دا
دوای یارییه‌كه له پرێس كۆنفرانسێكدا كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید جه‌ختی له‌وه كرده‌وه یاریزانه‌كانی زۆر دڵته‌نگ بوون به ئه‌نجامی یارییه‌كه، ئانچیلۆتی گوتیشی: من و یاریزانه‌كانیشم زۆر دڵته‌نگین، چونكه نه‌ده‌بوو ئه‌و دووخاڵه له‌ده‌ست بده‌ین، له كاتێكدا ئێمه یارییه‌كی زۆرباشمان كرد و شایسته‌ی بردنه‌وه بووین.
ئانچیلۆتی ده‌شڵێت: به‌ردوام یاریی یانه‌كان دوای وه‌ستانی یارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زۆر قورس ده‌بێت، هه‌رچه‌نده پێكانی زۆرمان هه‌بوو، به‌شێك له یاریزانه‌كانیشمان هیلاك بوون، له‌و یارییه‌دا له جیاتی هازارد به‌شداریم به ماریانۆ كرد چونكه پێویستیم به هێرشبه‌رێكی سه‌ره‌ڕم بوو كه لێدانی سه‌ری باش بێت.
كارلۆ له كۆتایی قسه‌كانی دا به‌رگری له بێنزێما كرد و گوتی: له‌ده‌ستدانی لێدانێكی پێناڵتی هیچ له‌و راستییه ناگۆڕێت كه‌ریم بێنزێما باشترین یاریزانی جیهانه، وه‌رزی رابردووش بێنزێما گرینگ‌ترین لێدانی پێناڵتی به‌رامبه‌ر سێڤییا له‌ده‌ست دا، به‌ڵام له كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه بێنزێما گۆڵی سه‌ركه‌وتنی كرد و نازناوی خوله‌كه‌شمان برده‌وه.
ریال مه‌درید بۆ یه‌كه‌مجار بوو له‌م وه‌رزه خاڵ له‌ده‌ست بدات، به كۆكردنه‌وه‌ی 19 خاڵ بۆ خانه‌ی دووه‌م دابه‌زی، بارسێلۆناش دوای 833 رۆژ بۆ یه‌كه‌مجار گه‌ڕایه‌وه پێشه‌نگی لالیگا.