هاوپه‌یمانی فه‌تح لەدایکبوونی حکومەتی نوێ سەختە

لۆگۆی هاوپەیمانی فەتح
لۆگۆی هاوپەیمانی فەتح

K24 - هەولێر

هاوپه‌یمانی فه‌تح رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌دایكبوونی کابینەی نوێی حكومه‌تی عێراق زۆر سەخت ده‌بێت.

عوده‌ی عەدنان ئیبراهیم، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپەیمانی فه‌تح، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی لەدایکبوونی حکومەتی نوێی عێراق، کە بڕیارە محەمەد شیاع سوودانی ببێتە سەرۆک وەزیران، زۆر سەخت دەبێت و دوو مانگ دەخایەنێت.

ئەو سه‌ركردەی‌ هاوپەیمانی فه‌تح گوتیشی: "زۆربەی هێزە سیاسییەكان خواستێكی جددییان هەیە بۆ بەشداریكردنی کابینەی نوێی حکومەت، هاوكات حكومه‌تی داهاتوو له‌ چه‌ند دۆسێیدا رووبه‌ڕووی دووڕیانێكی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی ره‌هه‌ندی ئابووری و گه‌نده‌ڵی و بوونی كه‌سایه‌تی لاواز له‌ دامه‌زراوه‌ و ئۆرگانه‌كاندا، باسی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاریش ناكه‌ین كه‌ ملیۆنان عێراقی ماندوو كردووه‌".

جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات کارێکی سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە، ئەگەر کۆدەنگی سیاسی بکرێت، پێكهێنانی حكومه‌ت رووبه‌ڕووی چه‌ندین كێشه‌ ده‌بێته‌وه‌، هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی هه‌وڵده‌دات پله‌ و پۆستی زیاتر به‌ده‌ست بێنێت، عێراق پێویستی بە شه‌ش ساڵ کارکردن هەیە، بۆ خستنە سەر رێڕەوی راست بە تایبەتی هەژاری، بێکاری و گەندەڵی بەربڵاو لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.