لە 16 رۆژدا نزیکەی 300 خۆپێشاندان لە ئێران کراوە

خۆپێشاندان لە تاران
خۆپێشاندان لە تاران

K24 – هەولێر

خۆپێشاندانەکان بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە، بەردەوامە و لە ماوەی 16 رۆژی رابردوودا، 289 خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران کراون.

بە پێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) بڵاوکراوەتەوە، لە یەکەم رۆژی راگەیاندنی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تا شەوی یەکشەممە (دووی تشرینی یەکەم)، 289 خۆپێشاندان لە 103 شار و شارۆچکە و 48 زانکۆی ئێران کراوە.

بە پێی سەرچاوە نافەرمییەکان، تا ئێستا نزیکەی 130 هاووڵاتی لە خۆپێشاندانەکان و بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و بە سەدان کەس برینداربوونە. (هرانا) باس دەستگیرکردنی زیاتر لە 1000 خۆپێشاندەر دەکات.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی هاشتاگی مەهسا [ژینا] ئەمینی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد و گەیشتە 200 ملیۆن تویت و دووبارەبڵاوکردنەوە، تا ئێستاش بنەماڵەکەی بەدوای پشتڕاستکردنەوەی هۆکاری مردنی کچەکەیان دان.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، دەڵی: بە بڕوای من و پزیشکانی ناودار و خەڵکانی ئاگادار، ژینا پێش لە گواستنەوەی بۆ بنکەی پۆلیس و لە کاتی دەستبەسەربوونی لە بنکەکەدا، لێی دراوە.  

ئەو، لەگەڵ پزیشکی داد کۆبووەتەوە و لەوبارەیەوە بە رۆژنامەی ئیعتیمادی گوتووە، "هەندێ لە پزیشکانی داد زۆر لەسەر ئەوە سوورن هۆی مردنی ژینا بۆ زەبر گەیشتن بە کەلـلەسەری نەگەڕێننەوە".

بنەماڵەی ژینا لەسەر ئەوە سوورن کچەکەیان لە بنکەی پۆلیس توندوتیژی بەرامبەر کراوە و ئەمەش هۆکاری مردنەکەیەتی، بەڵام پۆلیسی تاران و دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمە رەتدەکەنەوە.