کیێڤ دەیەوێت فڕۆکەی بەیرەقداری تورکی لەنێو ئۆکرانیا درووست بکات

ئاڵای تورکیا و ئۆکرانیا
ئاڵای تورکیا و ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، هەوڵدەدەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەیرەقدار لە نێو خاکی ئۆکرانیا بەرهەم بهێنن.

ئەندریە یرماک بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئۆکرانیا لە توویتێکدا ئاشکرای دەکات، سەردانی ناوەندی کۆمپانیای بیکاریان لە تورکیا کردووە، لەگەڵ خلوق بەیرەقدار سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای بەیکار و سەلجوق بەیرەقدار سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیاکە کۆبوونەتەوە.

گووتیشی لە کۆبوونەوەکەیاندا تاووتوێی، پڕۆژەی هاوبەشەکانیان بۆ ئێستا و داهاتوو کردووە، بە تایبەت بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە ئۆکرانیا."

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان و لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکانیان پەیوەندی تۆکمەیان هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەیرەقداری تورکیا لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا رۆڵێكی باڵای هەبووە بە تایبەت بۆ چاودێریکردن.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ئانادۆڵ، سەرۆکی کۆمپانیای بەیرەقدار ئاشکرای کردووە، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە هەناردەی 24 دەوڵەت دەکەن و زۆرترین هەناردەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی لەسەر ئاستی جیهان پێکهێناوە.

ئێستا، کۆمپانیاکە لە توانایدایە 200 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەیرەقدار لە ساڵێکدا بەرهەمبهێنێت، ئێستا لە پلانیدایە توانای بەرهەمهێنان بۆ 500 دانە لە ساڵێکدا بەرزبکاتەوە.