ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ئەندامانی داعش دادگایی دەکات

K24 - هەولێر:

ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان لە زاری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاشکرایکرد، چەند ئەندامێکی داعش کە لە زیندانەکانی سەربە ئیدارەی رۆژئاوان بە تۆمەتی تیرۆر دادگایی دەکرێن.

کەمال عاکف، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاند، "دادگاییه‌كان، سزادراوه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ و، ده‌ستیان به‌ خوێنی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ سووربووە".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە هیچ وادەیەکی بۆ دەستپێکردنی ئەم دادگاییکردنانە و رەگەزنامەی تۆمەتبارەکان دیاری نەکردووە، تەنیا رایگەیاندووە، کە ئامادەکارییان بۆ دەکەن و دیراسەی لایەنەکانی دەکەن.

بە گوێرەی داتاکانی ئیدارەی رۆژئاوا، بەندیخانەکانی ناوچەکە 15 هەزار گیراو بەتۆمەتی تیرۆر لەخۆدەگرن، لەنێو گیراوەکانیشدا جگە لە خەڵکی سووری زیاتر لە 60 رەگەزنامەی بیانیی جیاواز هەیە کە زۆربەیان ئەندامی پێشووی داعشن.

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، حەسەن ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی دادی کۆمەڵایەتی لە ئیدارەی خۆسەریدا رایگەیاندبوو، میکانیزمی دادگاییکردنی ئەندامەکانی داعش تا ئێستاش لەژێر گفتوگۆدایە لەنێوان ئیدارەی خۆسەری و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووش، ئەنجوومەنی گشتی ئیدارەی خۆسەری رۆژهەڵاتی کوردستان رەزامەندی دا لەسەر یەکخستنی یاسا بۆ دادگاییکردنی ئەو سوریانەی کە بە دۆسیەی تیرۆر تۆمەتبارن.