شێوە و پەیامی خۆپێشاندانەکانی ئێران گۆڕاون

 K24 – هەولێر

لەو کاتەوە کە قوتابیان و بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆکانی ئیران چوونەتە ناو ریزی خۆپێشاندەران، شێوە و پەیامی خۆپێشاندانەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە، ئێستا لە زانکۆکان دروشمی "پێی مەڵێن ناڕەزایەتی، ئێستا بووەتە شۆڕش" بە بەرزی دەبیسترێت.

16 رۆژ بەسەر خۆپێشاندانەکان بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە، تێدەپەڕێت. بە پێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) بڵاوکراوەتەوە، لە یەکەم رۆژی راگەیاندنی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تا شەوی یەکشەممە (دووی تشرینی یەکەم)، 289 خۆپێشاندان لە 103 شار و شارۆچکە و 48 زانکۆی ئێران کراوە.

رۆژانی سەرەتایی خۆپێشاندانەکان، خەڵکانی ناڕازی کوژرانی ژینا ئەمنیان سەرکۆنە دەکرد و زۆربەی دروشمەکانیش لە چوارچێوەی داکۆکی لە مافی ژنان و تاکەکەسی بووە، بەڵام ئێستا لە هەموو ئەو دروشمانەی رۆژانی سەرەتایی تەنیا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و ناوی ژینا ماوە و دروشمی دیکە بە بەرزی دەگوترێنەوە.

گۆڕانی شێوە

هەر لە یەکەم رۆژەکانەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران خۆپێشاندانەکانیان سەرکوت کرد و تا ئێستا نزیک بە 130 خۆپێشاندەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، گیانیان لەدەستداوە.

دەسەڵاتدارانی تاران، بە بەردەوامی دووپاتیان کردووەتەوە، وڵاتانی دیکە و بە تایبەت ئەمەریکا و بەریتانیا لە پشت ناڕەزایەتییەکانن و لەو پێوەندییەشدا باسیان لە گرتنی نۆ هاووڵاتی بیانی کردووە.

خۆپێشاندانی ئێرانیانی تاراوگە
خۆپێشاندانی ئێرانیانی تاراوگە

رۆژی 28ـی مانگی ئەیلولی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی فراوانی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی چەند حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، سلێمانی و پردێ و بە هۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 50 کەسی دیکەش برینداربوون. زۆربەی قوربانیانی ئەو هێرشەی سوپای پاسدارانی ئێران کە لە رێگەی 73 موشەکی بالستی و دەیان درۆنی بۆمبرێژکراوەوە بوو، ژن و منداڵن.

ئەو هێرشە بۆ سەر قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە و ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا داوای لە خەڵکی ئێران کرد، لە یەکەم رۆژی مانگی تشرینی دووەم، مانبگرن و ئەو تاوانە سەرکۆنە بکەن. زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پشتگیریان لەو بانگەوازە کرد و ئەوانیش هەمان داویان لە خەڵک کرد.

لەو رۆژەوە شێوەی خۆپێشاندانەکانی ئێران گۆڕانکاری بەسەردا هات. لە رۆژی دیاریکراودا، لە تەواوی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک مانیان گرت و دوکان و بازاڕەکان داخران، لە ناوچەکانی دیکەی ئێران و ١٥٠ شار و شارۆچکەی جیهانیش، خۆپێشاندان بەڕێوەچوون.

گۆڕانی پەیام

هاوکات لەگەڵ گۆڕانی شێوە و قەبارەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، بە هاتنی فراوانی قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ بۆ ناو ریزی خەڵک، پەیامی خۆپێشاندانەکانیش گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.

وەک ئەنجوومەنی ئیسلامی زانکۆی شەریفی تاران دەڵێ، شەوی یەکشەممە (دووی تشرینی یەکەم) ناخۆشترین کات بۆ قوتابیان و مامۆستایانی ئەو زانکۆ ناودارەی ئێران بووە. ئەنجوومەنەکە ئەو شەوە بە "گۆڕەپانی شەڕ" ناو دێنێ و رایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بە جلوبەرگی مەدەنییەوە زانکۆکەیان گەمارۆ داوە و زیاتر لە 40 قوتابیان لەگەڵ خۆیان بردووە و ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

خۆپێشاندانی شەوانە لە زانکۆی شەریفی تاران
خۆپێشاندانی شەوانە لە زانکۆی شەریفی تاران

وەک چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هرانا) بڵاویکردووەتەوە، خۆپێشاندان 48 زانکۆی گەورەی ئێرانی گرتووەتەوە و دروشمەکانیش لە داوای ماف و ئازادی و "ژن، ژیان، ئازادی"، بۆ دروشمی دیکە گۆڕاون.

ئێستا دروشمەکان کە هەڵگری پەیامی خۆپێشاندانەکانن، ئەوانەن، "قوتابی هۆشیارە"، "نەمان بۆ دیکتاتۆڕ"، مەترسێن، مەترسێن، هەموومان بەیەکەوەین" و "ئازادی، ئازادی، ئازادی". قوتابیان دووپات لە دروشمێک دەکەنەوە کە بە تەواوی لەگەڵ دروشمەکانی دیکە جیاوازە و بە دەنگی بەرز دەگوترێتەوە، "پێی مەڵێن ناڕەزایەتی، ئێستا بووەتە شۆڕش" .