ئۆكرانیا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ی كۆنترۆڵكرده‌وه
K24- هه‌ولێر:
سوپای ئۆكرانيا له خێرسۆن دوو ناوچه‌ی نیشته‌جێبوون و یه‌كی ناوچه‌یه‌كیش له دۆنێتسك و خاركێڤ له ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی رووسیای ده‌رهێنا.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی كیێڤه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه، له خێرسۆن هه‌ریه‌ك له ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوونی مێرۆلیوبیڤكا و ئارخانهێلسكێ سه‌رله‌نوێ كه‌وتوونه‌ته‌وه ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی ئۆكرانیا.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، له دۆنێتسك گوندی تۆرسكێ و له خاركێڤ گوندی بۆرۆڤا له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی رووسیا ده‌رهێنراون.
پێشتریش له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆكرانیا بڵاویكرده‌ووه، هێزه‌كانیان شارۆچكه‌ی (لیمان)ـی سه‌ر به‌ناوچه‌ی دۆنستیكیان كۆنترۆڵكرده‌وه، كه به هه‌زاران سه‌ربازی رووسی له‌وێ ده‌وره‌درابوون.
رووسیا ناوچه‌ی (لیمان) وه‌ك ناوه‌ندێكی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و پێداویستییه سه‌ربازییه‌كان به‌كارده‌هێنا، كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه له‌لایه‌ن ئۆكرانییه‌كانه‌وه، ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی مه‌یدانییه بۆ كیێڤ.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه سوپای رووسیا له میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا كشانه‌وه‌یان له شارۆچكه‌ی (لیمان)ـی راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن سوپای ئۆكرانیا ده‌وره‌درابوون.
له 24ی شوباتی رابردوودا، شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد و به هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ژماره‌یه‌ك سزای دارایی، ئابووری و سیاسی‌یان به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاند.