به‌هۆی سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران كۆشكی سپی نیگه‌رانه‌

كۆشكی سپی
كۆشكی سپی

K24- هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، به‌هۆی سه‌ركووتكردنی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران، كۆشكی سپی نیگه‌رانه‌.

خۆپێشاندانەکان بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە، بەردەوامە و لە ماوەی رابردوودا، 289 خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران به‌ڕێوه‌چوون.

بە گوێره‌ی زانیارییه‌كانی چالاکوانانی مافی مرۆڤ له‌ ئێران (هرانا) بڵاوکراوەتەوە، لە یەکەم رۆژی راگەیاندنی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تا ئێستا، 289 خۆپێشاندان لە 103 شار و شارۆچکە و 48 زانکۆی ئێران کراوە.

بە پێی سەرچاوە نافەرمییەکان، تا ئێستا نزیکەی 130 هاووڵاتی لە خۆپێشاندانەکان و بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و بە سەدان کەس برینداربوونە. (هرانا) باس دەستگیرکردنی زیاتر لە 1000 خۆپێشاندەر دەکات.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی هاشتاگی مەهسا (ژینا) ئەمینی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و گەیشتە 200 ملیۆن تویت و دووبارەبڵاوکردنەوە، تا ئێستاش بنەماڵەکەی بەدوای پشتڕاستکردنەوەی هۆکاری مردنی کچەکەیان دان.