عیرفان عەبدولعەزیز: بە کامیل حاجی عەلیم گوت دەتکەم بە رابەر قبووڵی نەکرد

"کامیل حاجی عەلی گوتی بە کۆنگرە دەبم بە رابەر لە کۆنگرەش دەرنەچوو"
عیرفان عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
عیرفان عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان

K24 – هەولێر

عیرفان عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی کێشەکانی ناو حزبەکەی و جیابوونەوەی کامیل حاجی عەلی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەیان رایدەگەیەنێت، کە پێش کۆنگرەی 12ی حزبەکەی بە کامیلی حاجی عەلی گوتووە دەیکات بە رابەر ئەویش رەتیکردوەتەوە گوتویەتی بە کۆنگرە دەبم بە رابەر دواتریش لە کۆنگرەش دەرنەچووە.

عیرفان عەبدولعەزیز، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 گوتی: "کامیل حاجی عەلی سێ جار خۆی کاندید کردووە دەرنەچووە، بۆیە من پێشنیارم کرد، مادام لە کۆنگرە دەرناچێت لە ئەنجومەنی شوورا وەک رابەر هەڵیبژێرین، خۆیی و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی شوورا شایەدن کە پێم گوت وەرە بتکەین بە رابەر و من دەستلەکار دەکێشمەوە، قبووڵی نەکرد گوتی: نایکەم دەبێت لە کۆنگرە ببم بە رابەر".

گوتیشی: "هەموو برادەرانی ئەنجومەنی شوورا بە کامیلی حاجی عەلیان گوت دەبێ واژۆ بکەیت، ئەگەر لە کۆنگرە دەرنەچوویت هیچ قسەیەک نەکەیت رازی بوو، واژۆی کردووە و واژۆیەکەی لامانە، ئەوەی ئێستا دەیکات بۆ خۆی و دینەکەشی ناخۆشە".

رۆژی 2/10/2022، باڵێكی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی كامیل حاجی عه‌لی، خۆیان وەک جێگرەوەی حزبەکە ناساند، رۆژی دواتریش ئەنجومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی کۆبووەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی بزووتنەوە رایگەیاند، بۆ پاراستنی شکۆ، مەرکەزیەت و مێژووی حزبەکەیان هەموو رێگایەکی یاسایی دەگرنەبەر.