ئەمریکا بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران: نەک تەنها بە قسە بەڵکو بە کردار شانبەشانتان رادەوەستین

"بەردەوام دەبین لە گەڕان بۆ لایەنی ویستراوی دیکە تا سزایان بەسەردا بسپەێنین"
جەیک سولیڤان، راوێژکاریی ئاساییشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
جەیک سولیڤان، راوێژکاریی ئاساییشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

K24 - هەولێر:

جەیک سولیڤان، راوێژکاریی ئاساییشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "بەردەوام دەبین لە ئیدانەکردنی دڕەندیی و سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی ئازای ئێران".

سولیڤان گوتیشی: ژنانی ئازای ئێران، کە تەنها لە پێناوی ماف و شکۆی خۆیاندا و لە پێناوی بەدەستهێنانی دادپەروەریدا خۆپیشاندان دەکەن، بەردەوام شانبەشانیان رادەوەستین، نەک تەنها بە قسە، بەڵکو بە کردار.

ئاماژەی بەوەشدرا، کە ژمارەیەک سزایان سەپاندووە بەسەر هەندێک لایەندا بەرامبەر ئەوەی ئەنجامیانداوە لە کوشتن و کردەوەی دڕندانە.

جەیک سولیڤان باسی لەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە گەڕان بۆ لایەنی ویستراوی دیکە تا سزایان بەسەردا بسپەێنن بەرامبەر ئەم پێشلکاریە دڕندانەیەی مافەکانی مرۆڤ.

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی کە لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە گیرابوو، خۆپیشاندان زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە و  لە هەوڵی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان، بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، تا ئێستا 130 لە خۆپیشاندەران گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی هەزار کەس برینداربوون، هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کاردانەوەی فراوانی بەرامبەر بەو پرسە نیشان دا.