سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا نامه‌یه‌ك بۆ نێچیرڤان بارزانی ده‌نێرێت

ئه‌رشیف - نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و لیز تره‌س، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا
ئه‌رشیف - نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و لیز تره‌س، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا

 K24 - هه‌ولێر:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى له‌ ليز تره‌س، سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانياوه‌ پێگه‌يشت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4ـی ئۆكتۆبه‌ری 2022، لیز تره‌س، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا نامه‌یه‌كی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نارد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ نامه‌كه‌يدا سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا سوپاسی نێچيرڤان بارزانى كردووه‌ بۆ به‌شداريىكردنی له‌ رێوڕه‌سمى پرسه‌ى شاژن ئێلێزابێسى دووه‌م، شاژنى كۆچكردووى شانشينى يه‌كگرتوو، هه‌روه‌ها خۆشحاڵيى خۆى به‌ دووباره‌ ديدارى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ له‌نده‌ن، نيشان داوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانيا له‌ نامه‌كه‌يدا بۆ نێچيرڤان بارزانى پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ په‌يوه‌نديى به‌هێزى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌ربڕيوه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ كه‌ شانشينى يه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌هاى هاوبه‌شى وه‌ك ئازاديى راده‌بڕين و په‌روه‌رده‌ و ئه‌وله‌وييه‌تى هاوبه‌شى‌ وه‌ك پرسه‌ ئه‌منييه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرى هه‌يه‌، جه‌ختيشى كردووته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌ كارى پێكه‌وه‌يى به‌رده‌وام ده‌بن.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ليز تره‌س، سه‌رۆك وه‌زيرانی به‌ريتانيا هيواى خواستووه‌ له‌ ئه‌ركى تازه‌يدا باشتر له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كار بكه‌ن و دۆستايه‌تى و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا فراوانتر ببن.