فەرەنسا و بەریتانیا، ئێرانیان ئاگادار کردەوە

"فەرەنسا لە ئاستی ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران و بەتایبەت لە زانکۆی شەریف بەکارهاتووە، حەپەساوە"

K24 – هەولێر

هاوکات لەگەڵ فشاری ئەمەریکا و کانادا لەسەر ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران، بەریتانیا و فەرەنسا رایانگەیاند کە دیپلۆماتی ئێرانیان لە لەندەن و پاریس بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سەرکوتی "فراوان و دڕندانەی" خۆپێشاندەران، بانگ کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئێوارەی رۆژی سێی تشرینی یەکەم، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەبەر سەرکوتکردنی فراوانی خۆپێشاندانەکان دوای مردنی ژینا ئەمینی، (مەهدی حوسێنی مەتین) باڵاترین دیپلۆماتی ئیرانیان لە لەندەن، بانگی وەزارەتەکە کردووە.

لە بەیاننامەکەدا لەسەر زاری (جێمز کلیڤێرلی) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هاتووە، "ئاستی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران لە ئێران، راچڵەکێنەرە. ئەمڕۆ بۆچوونی خۆمان بۆ بەرپرسانی ئێرانی روون کردەوە. لەبری ئەوەی لە خۆپێشاندانەکاندا لایەنێکی دەرەکی تۆمەتبار بکەن، پێویستە بەرپرسیارێتی کردەوەکانیان بگرنەئەستۆ و گوێ لە نیگەرانییەکانی خەڵک بگرن".

هەر لەو رۆژەدا عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، بێدەنگی خۆی لەهەمبەر دۆخی ناوخۆیی وڵات و خۆپێشاندانەکان شکاند و بە دەستکردی "دەزگە سیخوڕییەکانی دوژمنان" و بە پێی پلانی "ئەمەریکا و ئیسرائیل"ـی دانا.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هەروەها دووپاتی کردووەتەوە، "درێژە بە هاوکاریمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەدەین تاوەکوو بەرپرسانی ئێرانی لەبەر پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ، سزا بدەین".

هەروەها لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا هاتووە، (ویجی رەنگارجان) بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتخانەکە، لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کاربەدەستی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دووپاتی لە خواستی بەریتانیا بۆ لێکۆڵینەوەی تەواو و روون لە مردنی ژینا ئەمینی کردووەتەوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، "رێز لە خۆپێشاندانی ئاشتیانە بگرن، هێمن و لەسەرخۆ بن و ئەو خۆپێشاندەرانەی بەبێ هۆ دەستگیرکراون، ئازاد بکرێن". هەروەها نیگەرانیی بەریتانیاشی لە بەکارهێنانی گولـلەی شەڕ لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی زانکۆی شەریفی تاران، دووپات کردووەتەوە.

هەر لەو رۆژەدا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سەرکوتکردنی "دڕندانە"ـی خۆپێشاندانەکانی ئێرانی شەرمەزارکرد.

لەو پەیوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، کاربەدەستی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە پاریس بانگ کردووە. لە بەیاننامەی ئەو وەزارەتەدا هاتووە، "هاکاوت لەگەڵ داواکاریمان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان، فەرەنسا لە ئاستی ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران و بەتایبەت لە زانکۆی شەریف بەکارهاتووە، حەپەساوە".

ئێوارەی رۆژی دووی تشرینی یەکەم، هێزێکی نەناسراو بە جلوبەرگی مەدەنییەوە هەڵیانکوتایە سەر خۆپێشاندەرانی زانکۆی شەریفی تاران و دەیان کەسیان بریندار کرد و دەیانی دیکەشیان دەستگیرکرد.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێ: پێویستە ئێران رێز لە خۆپێشاندانی ئاشتیانە و مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژنان و کچان بگرێت، ئەو مافەی کە لەلایەن پەیمانی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسی مسوگەر کراوە و ئێرانیش ئیمزای کردووە.