بارەگای مەڵبەندێکی بزووتنەوەی ئیسلامی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرا

باڵێکی بزووتنەوەی ئیسلامی هەڕەشە دەکات
بەردەم مەڵبەندی 4ی بزووتنەوەی ئیسلامی لە رانیە
بەردەم مەڵبەندی 4ی بزووتنەوەی ئیسلامی لە رانیە

K24 - رانیە

بەھۆی دوولەت بوونی بزووتنەوەی ئیسلامیی و ناکۆکی توندی نێوان لایەنگرانی عیرفانی عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی، بۆ رێگری لە پیکدادانی چەکداری، مەڵبەندی 4ی رانیەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رادەستی ھێزەکانی پۆلیس کراوە.

حەمەدەمین ئاشووری، کە ئێستا وەک بەرپرسی مەڵبەندی 4ی بزووتنەوەی ئیسلامی لە باڵی کامیل حاجی عەلی دەستنیشان کراوە بە کوردستان24ی راگەیاند: "زۆرینەی کادیر و ئەندامانی بزووتنەوە لە سنووری راپەڕین بە رێکخراوەکانی قوتابیان و خوشکانیش لەگەڵ حزبە نوێکەی کامیل حاجی عەلیدان".

گوتیشی: "ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بزووتنەوە کە لایەنگری عیرفانی حاجی عەلیدان ھەڕەشە دەکەن، تەنانەت دوێنێ دووشەممە محەمەد عەلی عەبدولعزیز ھاتووەتە مەڵبەند و ھەڕەشەی لە ئەندامانی مەڵبەند کردووە و قسەی نەشیاوی پێ گوتوون، بەڵام وەڵامی خۆی وەرگرتووەتەوە و دەریان کردووە، ئێمە شەڕ و ئاژاوەمان ناوێت و چاوەڕێی یاسا دەکەین، پرسەکە یەکلایی بکاتەوە".

حەمەدەمین ئاشووری، دەشڵێت: "ئێستا بۆ پاراستنی ئارامی دۆخەکە، بارەگاکامان تەسلیم بە پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن کردووە و ئەوان دەیپارێزن".

دیمەنێکی بەردەم مەڵبەندی 4ی بزووتنەوەی ئیسلامی لە رانیە
دیمەنێکی بەردەم مەڵبەندی 4ی بزووتنەوەی ئیسلامی لە رانیە

رۆژی یەکشەممە 2/10/2022، لەگەڵ راگەیاندنی حزبە نوێکەی بزووتنەوەی ئیسلامی بە رابەرایەتی کامیل حاجی عەلی، ململانێی توند کەوتە نێو ئەندام و لایەنگرانی مەڵبەندی 4ی بزووتنەوەی ئیسلامی لە رانیە و چەکیان لە بەرامبەر یەکتر راگرت، دواتر ھێزە ئەمنییەکان ھاتنە نێوانیان.

دوای جیابوونەوەی باڵی کامیل حاجی عەلی رۆژی 3/10/2022، ئەنجومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی بە سەرپەرشتی عیرفان عەبدولعەزیز کۆبووەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا عەبدوڵڵاو وەرتی گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند: "ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 لە رووی شەرعی و یاسایی و سیاسییەوە قبوڵکراوە و کۆتایی پێهاتووە، ئەوانەی ئێستا بە بزووتنەوەی ئیسلامی رازی نین، رێگایەکە خۆیان هەڵیانبژاردووە، دۆخی بزووتنەوەی ئیسلامی سەقامگیرە و هەموو رێگایەکی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی شکۆ، مێژوو و مەرکەزیەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان".

لەلایەکی دیکە عیرفان عەبدولعەزیز، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 گوتی: "کامیل حاجی عەلی سێ جار خۆی کاندید کردووە دەرنەچووە، بۆیە من پێشنیارم کرد، مادام لە کۆنگرە دەرناچێت لە ئەنجومەنی شوورا وەک رابەر هەڵیبژێرین، خۆیی و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی شوورا شایەدن کە پێم گوت وەرە بتکەین بە رابەر و من دەستلەکار دەکێشمەوە، قبووڵی نەکرد گوتی: نایکەم دەبێت لە کۆنگرە ببم بە رابەر".

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو بە رابەررایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیزی دامەزراوە و چەند جارێک جیابوونەوە لەناو حزبەکە روویداوە و بەشێک لە لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان دوای جیابوونەوە لە بزووتنەوە دروستبوون.

مەڵبەندی 4ی بزووتنەوەی ئیسلامی لە رانیە
مەڵبەندی 4ی بزووتنەوەی ئیسلامی لە رانیە