بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی شارەکە سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق گەیشتە زیقار

"شەوی رابردوو لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بینای پارێزگای زیقار سووتێندرا"

K24 - سلێمانی:

شاندێکی باڵای سەربازی عێراق، گەیشتە پارێزگای زیقار بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردوو دروستبوون و بەهۆیانەوە، بینای پارێزگای زیقار سووتێندرا.

ئەمڕۆ سێشەممە (4ی تشرینی یەکەمی 2022) هەر یەک لە عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، عەبدولئەمیر شەمەری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، قاسم محەمەدی فەرماندەی هێزەی وشکانی، ساڵح ناسر عامری فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی گەیشتنە پارێزگای زیقار.

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، ئامانج لە سەردانی ئەو بەرپرسە سەربازییانە، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی پارێزگاکەیە.

شەوی رابردوو، خۆپیشاندەران لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار، داوای خزمەتگوزارییان کرد و چوونە سەر بینای پارێزگای زیقار و ئاگریان تێبەردا و گرژی و ئاڵۆزی لە شارەکەدا دروستبوو، بەوهۆیەوە شەوی رابردوو قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگاکەدا راگەیەندرا.

پارێزگای زیقار دەکەوێتە باشووری عێراقەوە و لە حەوت قەزا پێکهاتووە و ژمارەی دانیشتوانی سەرجەم پارێزگاکە بە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت.