گرنگی ئەو ناوچە ئۆکرانیانە چیین کە پوتن لکاندوونی بە رووسیاوە؟

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکانی خێرسۆن، زاپۆریژیا، دۆنێتسک و لۆهانسك
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکانی خێرسۆن، زاپۆریژیا، دۆنێتسک و لۆهانسك

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی رووسیا لە رێگەی ریفراندۆمێکەوە هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی دۆنێتسك، لوهانسك، خێرسۆن و زاپۆریژیای لە ئۆکرانیا خسته‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، ئێستا سەرنجەکان هاتوونەتە سەر گرنگی ئەم ناوچانە کە بە نیمچە دورگەی قرمەوە لە سەدا 19ـی خاکی ئۆکرانیا پێکدەهێنن.

هەرێمی دۆنباس کە لە هەردوو پارێزگاکانی لۆهانسک ودۆنێتسک پێکهاتووە، ژمارەی دانیشتوانەکەی دەگاتە 6.2 ملیۆن کەس و، لەم هەرێمە گەورەترین کانی ئاسن و خەڵووزی بەردین لە ئۆکرانیادا بوونیان هەیە.

جگە لە کانی ئاسن و خەڵووز، بەندەری ماریۆپۆڵیش دەکەوێتە دۆنباسەوە کە بە گرنگترین ناوەندی هەناردەی ئۆکرانیا دادەنرێت.

پارێزگای زاپۆریژیا بەسەر رووباری دنیبرودا دەڕوانێت و، ژمارەی دانیشتووانەکەی پێش جەنگ نزیکەی 1.63 ملیۆن کەس بووە.

زاپۆریژیا بەندەری بیردانسکی ستراتیژی و وێستگەی زاپۆریژیای تێدایە، کە گەورەترین وێسگەی وزەی ئەتۆمییە لە ئەوروپا و، لە رابردوودا لەسەدا 25ـی وزەی کارەبای ئۆکرانیای دابین دەکرد.

پارێزگای خێرسۆن کەوتووەتە شوێنێکی ستراتیجییەوە لەسەر سنووری نیمچەدوورگەی قرم، هاوکات بەسەر دەریای رەشدا دەڕوانێت.

گەورەترین بەندەرەکانی بەرهەمهێنانی دروستکردنی کەشتی لەخۆدەگرێت و سەنتەرێکی سەرەکی کارگۆی کەشتیەکانە.

کۆنترۆڵکردنی خێرسۆن، تەواوی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا کە لەدەستی رووسیادان، دەبەستێتەوە بە رووسیاوە.

نیمچە دوورگەی قرم لە ساڵی 2014 بە رووسیاوە لکێندرا، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی دوو ملیۆنە و، ساڵانە 1.7 ملیار مەترسێجا غاز بەرهەمدەهێنێت.