پەرلەمانی ئەوروپا گفتوگۆ لەبارەی کوژرانی ژینا ئەمینی و خۆپێشاندانەکانی ئێران دەکات

پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا
پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا

K24 – هەولێر

بڕیارە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ (سێشەممە، چواری تشرینی یەکەم) لەبارەی کوژرانی ژینا ئەمینی و خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران، کۆببێتەوە.

ماڵپەڕی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، بڵاوی کردووەتەوە کە جێگیری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە لەو کۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی رووداوکانی ئێران دەکات.

ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەبارەی ئامادەکردنی پڕۆژەبڕیارێک لە رۆژی پێنجشەممە (شەشی تشرینی یەکەم) دەدەن.

پێشتریش جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لە بەیاننامەیەکدا دوای لە ئیران کردبوو کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران بێنێ و رێز لە مافی خۆپێشاندانی خەڵکی ئێران بگرێت.

لە لایەکی دیکەوە و هاوکات لەگەڵ فشاری ئەمەریکا و کانادا لەسەر ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران، بەریتانیا و فەرەنسا رایانگەیاند کە دیپلۆماتی ئێرانیان لە لەندەن و پاریس بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سەرکوتی "فراوان و دڕندانەی" خۆپێشاندەران، بانگ کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئێوارەی رۆژی سێی تشرینی یەکەم، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەبەر سەرکوتکردنی فراوانی خۆپێشاندانەکان دوای مردنی ژینا ئەمینی، (مەهدی حوسێنی مەتین) باڵاترین دیپلۆماتی ئیرانیان لە لەندەن، بانگی وەزارەتەکە کردووە.

لە بەیاننامەکەدا لەسەر زاری (جێمز کلیڤێرلی) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هاتووە، "ئاستی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران لە ئێران، راچڵەکێنەرە. ئەمڕۆ بۆچوونی خۆمان بۆ بەرپرسانی ئێرانی روون کردەوە. لەبری ئەوەی لە خۆپێشاندانەکاندا لایەنێکی دەرەکی تۆمەتبار بکەن، پێویستە بەرپرسیارێتی کردەوەکانیان بگرنەئەستۆ و گوێ لە نیگەرانییەکانی خەڵک بگرن".

هەر لەو پەیوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، کاربەدەستی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە پاریس بانگ کردووە. لە بەیاننامەی ئەو وەزارەتەدا هاتووە، "هاکاوت لەگەڵ داواکاریمان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان، فەرەنسا لە ئاستی ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران و بەتایبەت لە زانکۆی شەریف بەکارهاتووە، حەپەساوە".

ئێوارەی رۆژی دووی تشرینی یەکەم، هێزێکی نەناسراو بە جلوبەرگی مەدەنییەوە هەڵیانکوتایە سەر خۆپێشاندەرانی زانکۆی شەریفی تاران و دەیان کەسیان بریندار کرد و دەیانی دیکەشیان دەستگیرکرد.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێ: پێویستە ئێران رێز لە خۆپێشاندانی ئاشتیانە و مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژنان و کچان بگرێت، ئەو مافەی کە لەلایەن پەیمانی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسی مسوگەر کراوە و ئێرانیش ئیمزای کردووە.