قوباد تاڵەبانی: حکومەت ئاسانکاری تەواو دەکات بۆ ئەو گەنجانەی بیرۆکە و پڕۆژەیان هەیە

دیمەنێکی کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا
دیمەنێکی کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەت ئاسانکاری تەواو دەکات بۆ ئەو گەنجانەی بیرۆکە و پڕۆژەیان هەیە و دەیانەوێت ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (USAID) کۆبووەتەوە و ئێرڤ هیکس کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکای کردووە بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لە رووی ناردنی راوێژکار بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ریفۆرم و چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا.

قوباد تاڵەبانی داواشی کردووە، هاوکارییەکانیان بەردەوام بن و بە تایبەتیش هاوکاری گەنجانی خاوەن بیرۆکە و پڕۆژە بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا راشیگەیاندووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەمکردنەوەی رۆتین و چاکسازییەکان، هەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکانەوە زەمینەیەکی باشی ئامادەکردووە تا گەنجان ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان و بە هەموو تواناشمانەوە پشتگیریان دەکەین و هەوڵیش دەدەین بازاڕی پێویستیان بۆ بدۆزینەوە".

لەلایەن خۆیانەوە شاندەکەی (USAID) پشتگیری خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کوردستان و جەختیان کردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا.

دیـمەنێکی کۆبوونەوەکە
دیـمەنێکی کۆبوونەوەکە