درۆنێک لە شارباژێڕ ئۆتۆمبێلێک دەکاتە ئامانج

ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی له‌ شارباژێر كرایه‌ ئامانج
ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی له‌ شارباژێر كرایه‌ ئامانج

K24 – سلێمانی

لە سنووری قەزای شارباژێڕ درۆنێک ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج و دژه‌ تیرۆری كوردستانیش رایگه‌یاند، دوو چه‌كداری په‌كه‌كه‌ له‌و رووداوه‌ كوژراون.

سەرچاوەیەک لە ناوچەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مرۆ سێشەممە (4ی تشرینی یەکەم/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، درۆنێک لەسەر پردی شێخەڵ مارێنی نزیک ناحیەی زەلان-ی سەر بە قەزای شارباژێڕ ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج.

شاهۆ عوسمان، قایمقامی قه‌زای شارباژێر، هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج چەکدارانی پەکەکەی تێدابووه‌.

راشیگەیاند، دوای رووداوەکە تیمەکانی تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە (4ی تشرینی یەکەم/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، کاتژمێر 14:35، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە ناحیەی زەلانی سەر بە قەزای شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو چەکداری پەکەکە کوژراون و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو.