شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

"ئەم مانگە بۆ عێراق یەکلاکەرەوەیە"
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی - ئەرشیف
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی - ئەرشیف

K24 - هەولێر

بڕیارە شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

مەحما خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرکردایەتی کورد کۆدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی کاندیدی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەبێت.

مەحما خەلیل، گوتیشی "ئەم مانگە مانگێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ عێراق، سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت و کابینەی نوێی حکومەتیش پێکدەهێندرێت".

لە دوای چلەی ئیمام حوسێن چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق چڕکردووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان هاوپەیمانیێتیەک لەنێوان شەش لایەن بەناوی هاوپەیمانی "بەڕێوەبردنی دەوڵەت" واژۆکراوە، کە پارتی و یەکێتی تێیدا بەشدارن.