پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازه‌یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەم دەکات

کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف

K24 – هەولێر

سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازه‌یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەم دەکات.

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی سبەی 6/10/2022ی بڵاوکردەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، خوێندنەوەی دووەمە بۆ بۆ پێشنیازه‌یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەم.

بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستان:.

به‌پێی حوكمی ماده‌ی (٥) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ ماده‌ی (١٦) و بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ ماده‌ی (١٨) و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م) له‌ ماده‌ی (٢٠) و ماده‌كانی (٤٧، ٤٨) و بڕگەی (یەكەم) لە مادەی (٥٢) و مادەكانی (٥٤، ٥٥، ٥٦، ٥٧) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (١٠)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ كاتژمێر (١١)ی پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ۲۰۲۲/۱۰/٦ به‌م شێوه‌یه‌ بێت:

یه‌كه‌م: خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازه‌یاسای (به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق)، به‌پێی بڕگه‌ی (پێنجه‌م) له‌ مادده‌ى (٧٨) و مادده‌كانى (٧٩، ٨٠) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

دووه‌م: بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٨٧، ٨٨، ٨٩، ٩٧) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازه‌یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەم کرد.

بەرنامەی کاری دانێشتن
بەرنامەی کاری دانێشتن